رووداو دیجیتاڵ
رووداو چیرۆکی خێزانێکی هەژار و نەدار لە قەزای چەمچەماڵ دەگێڕێتەوە کە نەخۆشی تەنگی بە ژیانیان هەڵچنیوە، ئاراس تەمەنی 52 ساڵە هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە نەخۆشی و قورسیی ژیان دەبێتە هاورێی تەمەنی.
ئاراس کاکە عەبدوڵڵا، کورتە باڵایە، ساڵێک و چوار مانگە نەخۆشی بڕبڕەی پشت و هەوکردنی ئەژنۆکانی هێندەی دیکە باری ژیانی قورسکردووە و توانای رۆشتن و هەستانی نەماوە. تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانیان مووچە 150 هەزار دینارییەکەیانە.
ئاراس باسی گوزەرانی خۆی بۆ رووداو کرد و گوتی، "خەم و خەفەتی ژیانمان زۆر زۆرە شەش کەسین توانای دابینکردنی بژێوی ژیانمان نییە، داواکارین هەرچی زووە هاوکاری بکرێین."
کاڵێ هاوژینی ئاراسە و جگە لە خزمەتی هاوژین و دوو منداڵە کورتە باڵاکەی، نەخۆشی بەرۆکی ئەویشی گرتووە و زیاتر لە ساڵێکە چاوەکانی بیناییان لەدەستداوە، توانای کارکردنیشی نەماوە.
کاڵێ سابیر دەردە دڵی خۆی دەکات و دەڵێت، "داواکارم لە خودا چاوم چاک بێتەوە، دڵنیاشم چارەدەبم، داواکارم دەوڵەمەندێک یان کەسێک هاوکارمان بێت، منداڵەکانیشم بەدەنگ دەناسمەوە و ناتوانم یەک ئیش بکەم."
هەژاریی ئەو خێزانە بووەتە رێگر لەبەردەم خەون و خولیای محەممەد، یوسف و ئەنەسی منداڵەکانی ئاراس و کاڵێ، ئەوانیش بەشێکی ئەو خەمەی دایک و باوکیان هەڵگرتووە، دابڕاون لە خوێندن و دوورن لە قوتابخانە.
محەممەد یەکێکە لە منداڵەکانیان و دەڵێت، "من نەچوومە قوتابخانە، دوو براکەم لە پۆلی سێ و چواری سەرەتایی وازیان لە خوێندن هێنا چونکە توانامان نەما، داواکارم هاوکاری بکرێین وەکو یەکەمجار دڵخۆش بین، دایک و باوکم و نەنکم چاک ببنەوە و هاوکاری بکرێین."
ئەو خێزانە پشتیان بە نەنە رەعنا دەبەست بۆ هاوکاری و دروستکردنی خواردن و کارەکانی رۆژانەیان، بەڵام ئەو ئێستا گەیشتووەتە 88 ساڵ، توانای نەماوە و هاوشێوەی کوڕ و بووکەکەی نەخۆشی بەرۆکی گرتووە، نەخۆشی و بێ تواناییەکەی کوڕەزاکانی بێ هیوا کردووە، ئێستا ئەگەر دراوسێکانیان خواردنیان بۆ دروست نەکەن، هیچیان بۆ خواردن نییە.
تێچووی مانگانەی دەرمانەکانیان سەروو 400 هەزار دینارە و تاوەکو ئێستا 30 هەزار دۆلار قەرزدارن بەهۆی نەخۆشییەوە.
رووداو چووە کۆمەڵەی کورتەباڵاکان، ئامار و ژمارەکانی نەخۆشی و نەداری و هەژاری ئەندامەکانی هێندە زۆرن هەرگیز لەگەڵ ئەو هاوکارییە کەمەی پێیان دەدرێت، یەک ناگرێتەوە.
عومەر کورتەباڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکان، گوتی، "بەهۆی هەژارییەوە و تەنیا ئەم ساڵ 150 خێزانی کورتەباڵا جیابوونەتەوە و کورتەباڵا زۆر پێویستییان بە هاوکارییە."
لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 400 کورتە باڵا هەن، بەپێی گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەکەیان زۆرینەیان بێ کارن و لە ژیانێکی ناهەموار دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ