تەندروستیی گەرمیان بۆ وەزارەتی تەندروستی: رێگە بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک نادەین

02-11-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن تەندروستی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، رێگە بە گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکی تەندروستی بۆ کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان نادەن و ئەگەر وەزارەتی تەندروسیش بڕیارەکە بدات پێوە پابەند نابن. راگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیانیش دەڵێت, "هەر پزیشکێک راژەکەی بگوازێتەوە کۆلێژەکە دەبێت دەوامی تەندروستیش بکات."
 
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان کۆبوونەوە. رۆژی دووشەممەش وەزارەتی تەندروستی لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی گەرمیان دەکرێنە فێرکاری هاوکات وەزیری تەندروستی ئامادەیى نیشانداوە بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لە رێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان."
 
رۆژی پێنجشەممە 02-11-2023 د.سیروان محەممەد، بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لەبارەی گواستنەوەی راژەی پزیشکەکانیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهیچ شێوەیەک رێگە بە گواستنەوەی راژەی هیچ پزیشکێک لە تەندروستی گەرمیانەوە بۆ کۆلێژی پزیشکی نادەین، ئەگەر وەزارەتی تەندروستیش ئەو بڕیارە بدات پێوە پابەند نابین، چونکە بەوشێوەیە نەخۆشخانەی کفری بێ پزیشک دەبێت."
 
لەبارەی دروستبوونی گرفت بۆ تەندروستیی گەرمیان لە کاتی گواستنەوەی راژەی 14 پزیشک، د. شێرکۆ نەریمان، راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پزیشکانی میلاکی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان هەمان دەوامی پزیشکانی میلاکی تەندروستیی گەرمیان دەکەن، واتا پزیشکانی میلاکی کۆلێژ تەنیا وانەکان دەڵێنەوە لەگەڵ تاقیکردنەوەیەکان دەکەن ئەوانە بە دەگمەن کاری کارگێڕییان پێدەکرێت."
 
د. شێرکۆ نەریمان گوتیشی، "ئێستا وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا، کارنامەیەک ئامادە دەکەن و گشتاندنی پێدەکەن بۆ گشت زانکۆ و نەخۆشخانەکانی هەرێمی كوردستان کە دەوامی پزیشکەکان چۆن بێت. بەڵام ئەمە کاتی پێدەچێت و ئیدی دەستوورێک دادەنرێت کە دەوام کردن بە سیستەم بێت نەک میزاجی کەسێتی."
 
بەڕێوەبەریی گشتیی تەندروستیی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵانی رابردوو راژەی 20 پزیشکیان گواستووەتەوە سەر کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان و زۆربەی ئەو پزیشکانە بەبێ ئاگاداری ئەوان گواسترانەوە سلێمانی، ئەوانەش کە ماونەتەوە "کەمتەرخەمن" بەرامبەر بە کارەکانیان لە تەندروستیی گەرمیان یان هەر نیسابیان هەڵوەشاوەتەوە یان هەر دەوام ناکەن.
 
سیروان محەممەد گوتی، "لەبارەی کەمتەرخەمی ئەو پزیشکانە بەرامبەر بە پابەندییەکانیان لە تەندروستیی گەرمیان چەندینجار نووسراومان ئاراستەی زانکۆی گەرمیان کردووە کە هەندێک پزیشک دەوامی خۆیان بە رێکوپێکی ناکەن، بەڵام نەک هەر ئیجرائاتی پێویست نەگیراوەتەبەر بەڵکو پێم گەیشتووەتەوە کە نووسراوەکان راستەوخۆ کراونەتە تەنەکەی خۆڵ و حیسابیان بۆ نەکردووە."
 
بەپێی گوتەکانی راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیانیش بێت، کە پزیشک لە تەندروستیی گەرمیانەوە دەگوازرێتەوە بۆ کۆلێژی پزیشکی لە هەمان کاتدا ئەو پزیشکانە دووبارە تەنسیب دەکرێنەوە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی گەرمیان و دەوامی تەندروستیی گەرمیان پەکی ناکەوێت و کاری خۆیان لە تەندروستیش دەکەن بە پێچەوانەوە ئەگەر کۆلێژی پزیشکی نەبێت ئەوە دوای دوو ساڵی کارکردن لە تەندروستیی شارەکە پزیشکەکان داوای گواستنەوە بۆ پارێزگاکان دەکەن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، "ئەزموونی خراپمان لەگەڵ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان هەیە، بۆیە رێگە بە گواستنەوەی هیچ پزیشکێک لە تەندروستییەوە بۆ کۆلێژەکە نادەین، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆلێژەکە ئێمە پێشنیازی خۆمان کردووە و گەیێندراوەتە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لەکاتی خۆی رایدەگەیێنین."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانی وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و وەزارەتی تەندروستی. د.سیروان محەممەد گوتی، "بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبووین بۆیە پابەندی بڕیارەکانیشیان نابین، ناکرێت تەندروستی ناوچەیەکی فراوانی وەکو گەرمیان بخرێتە مەترسی و هەر لایەنێک سوور بێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەوە، شاری کفری بێ خزمەتگوزاری دەبێت."
 
د.سیروان محەممەد گوتیشی، "لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان لێکتێگەیشتنی باشمان هەیە و هاوکاریان دەبین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی زانکۆکەیان بەگوێرەی پلانی گونجاو."
 
د. شێرکۆ نەریمان دەڵێت، "زۆربەی ئەو پزیشکانەی پسپۆرن بە بۆنەی کۆلێژی پزیشکییەوە لە گەرمیان ماونەتەوە و حەزدەکەن خزمەتی خەڵکی گەرمیان بکەن، واتا کۆلێژی پزیشکی ئامانجێکی ئەوەیە کە پزیشک لە گەرمیان بمێنێتەوە، چونکە هەر پزیشکێک لە پارێزگاوە دەنێردرێت بۆ قەزاکان، مەرجی دوو ساڵی خزمەتی هەیە، دواتر دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام ئەگەر لە کۆلێژەکە وانە بڵێنەوە دەتوانن لە گەرمیان بمێننەوە."
 
راگری کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆرینەی ئەو پزیشکانەی کە لە تەندروستیی گەرمیانن و پسپۆرن و بڕوانامەی ئەکادیمیان هەیە و خوازیاری مامۆستایین، خۆبەخشانە لە کۆلێژی پزیشکی وانە دەڵێنەوە، لە چالاکیی و تاقیکردنەوەکانی کۆلێژ بەشداری دەکەن. ئەو پزیشکانەی راژەیان دەگوازرێتەوە و دەتوانن هەردوو ئەرکەکەیان جێبەجێ بکەن."
 
رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی گواستنەوەی راژەی پزیشکی گوتی، "پێویستە لە داواکارییەکان بۆ کۆلێژی پزیشکیی گەرمیان رەچاوی دۆخی تەندروستیی گشتی بکرێت، چونکە وەکو بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان پلانمان هەیە خزمەتگوزارییەکان بەرفراوانتر بکەین بە تایبەتی بۆ قەزای کفری و ئێشکگریی 24 کاژێریی لەو قەزایەدا بکەینەوە، بۆئەمەش پێویستمان بە ستافی پزیشکیی دەبێت."
 
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی زانکۆ بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 لە 25-09-2023 خوێندکارانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و داوا دەکەن نەخۆشخانەکانی گەرمیان بکرێنە فێرکاری بۆ ئەوەی بتوانن وانەکانیان بە تیۆری بخوێنن هاوکات بەهۆی کەمی پزیشکانی کۆلێژەکەوە ئێستا پێویستیان بە 14 پزیشکی دیکەیە بۆ ئەوەی وانەکانیان پێ بڵێنەوە. 
 
تاوەکو ئێستا کێشەکانی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی گەرمیان چارەسەرنەبووە جگە لە قۆناخی شەشەم و لە کۆی 25 کەسی قۆناخی پێنجەم تەنیا پێنج کەسیان دەوام دەکەن، قۆناخەکانی یەکەم، دووەم، سێیەم و چوارەم بەردەوامن لەسەر بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن. 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی تەقینەوەکە و لۆگۆی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایش لەبارەی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی: تەقینەوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی دەڵێت، "تەقیوەتەوە" و تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.