رووداو هاوبەشی لەگەڵ ئاژانسە میدیاییە گەورەکانی چین دەکات و دەنگی کورد دەگەیێنێتە جیهان

02-11-2023
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و گاو وەی، بەڕێوەبەری کەناڵی +CCTVـی چینی
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و گاو وەی، بەڕێوەبەری کەناڵی +CCTVـی چینی
نیشانەکردن رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو یەکەم میدیای کوردییە کە لە کانوونی دووەمی 2023ـوە نووسینگەی لە بەیجینگی پایتەختی چین کردووەتەوە. تیمی رووداو ناوی کورد دەگەێنێتە چین، هەروەها هەواڵی سیاسی، ئابووری و ژیانی رەنگاوڕەنگی چینییەکان پێشانی هەموو کوردێك لە کوردستان و جیهان دەدات. بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداویش دەڵێت، بۆ ناساندنی زیاتری کورد و کوردستان لەو وڵاتە، لە داهاتوودا هاوبەشییەکانمان لەگەڵ دەزگە چینییەکان فراوانتر دەکەین. 
 
لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا بەیجینگی پایتەختی چین دەبینن، ئەو وڵاتەی بە سەرووی ملیارێك و 425 ملیۆن دانیشتووانەوە باوەشی بۆ نزیکەی چارەکێكی مرۆڤی سەر زەوی کردووەتەوە.
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە هۆڵە گەورە بەنێوبانگەکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی چین پێشوازی لێکرا کە هەفتانە لەوێوە سیاسەتی دەرەوەی دووەم بە‌هێزترین ئابووریی جیهان بە گوێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەدرێت.
 
بە تەوقەیەکی بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ بەرپرسانی سەنتەری رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی چین، قۆناخێكی نوێی میدیایی کوردی لە وڵاتی دراگۆنەکان دەستیپێکرد.
 
سەنتەری رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی راگەیاند، "رۆڵی میدیایی رووداو بەرز دەنرخێنین، رووداو تۆڕێكی چالاکە، بەردەوام بانگهێشتی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان دەکرێت و گەورە دیپلۆماتەکانی چین قسە بۆ رووداو دەکەن و لێدوانی تایبەتیان پێدەدەن؛ ئێمە ئامادەین هەموو کارئاسانییەک پێشکەشی نووسینگەی رووداو لە چین بکەین."
 
لەوێوە بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو و تیمی هاوڕێی بەرەو باڵەخانەی گەورە ئاژانسە میدیاییەکانی چین رۆیشتن. باڵەخانەی سی ئێم جی، گرووپی میدیایی چین کە چەندین گەورە ئاژانسی میدیایی لەژێر چەترەکەیدان، لەوانە کەناڵی سی سی تی ڤی پڵەس و کەناڵی ناوەندی چین کە هاوئاهەنگی لەگەڵ زیاتر لە 20 وڵاتی ئاسیادا هەیە.
 
تیمی رووداو گەشتێكیان بە ژووری هەواڵ و ستۆدیۆکانیدا کرد. پاشان بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداو یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ گاو وەی، بەڕێوەبەری کەناڵەکە واژۆکرد.
 
گاو وەی، بەڕێوەبەری کەناڵی سی سی تی ڤی پڵەس رایگەیاند، "هیوادارم کاری زیاتر لە تۆڕی میدیایی رووداودا بکەین. ئاڵوگۆڕی هەواڵ بکەین؛ هاوکات پەیوەندیی نێوان ئێمە و رۆژنامەڤانانی تۆڕی رووداو بە‌هێزتر بکەین."
 
سی تی جی ئێن، تۆڕی تەلەڤزیۆنی جیهانیی چین، دووەم وێستگەی گەشتەکەی تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. سی تی جی ئێن جگە لە زمانی چینی، بە ئینگلیزی، عەرەبی، فەرەنسی، رووسی و ئیسپانی لە 70 وڵاتی جیهان 24 کاژێر هەواڵ پەخش دەکات و رووماڵ دەکات. هاوکات هاوئاهەنگی لەگەڵ 20 هەزار کەناڵی میدیایی لە جیهاندا هەیە، رووداو یەکێكیانە.
 
یان فوو چینگ، بەڕێوەبەری کەناڵی سی تی جی ئێن رایگەیاند، "دەمەوێت لێرە بڵێم کە ئەم ساڵ ئێمە هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردنی زۆر باشمان لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا هەبووە لە مانگی ئادار و هەروەها ئەیلوولدا؛ ئەوەش دەستپێکێکی زۆر باشە لە پێکەوەکاردنی نێوان هەردوولامان. پێمان باشە پێکەوە کاری زیاتر بکەین لە بوارە جیاجیاکاندا، لە نێویاندا رووماڵە راستەوخۆکان، هەروەها پێدانی پەخشی راستەوخۆی پەیامنێر و پێشکێشکارانی ئێمە بە رووداو و لە بەرامبەردا وەرگرتنی ماتریاڵ و پەخشی راستەوخۆی پەیامنێر و پێشکێشکارانی رووداو لە لایەن ئێمەوە، دەتوانین تیمی میدیاکارانمان بنێرینە وڵاتانی یەکدی و دەشتوانین پێکەوە بەرهەمی هاوبەشمان هەبێت و ئاڵوگۆڕی زانیاری، ڤیدیۆ و ئەرشیڤ و دابینکردنی میوان بۆ گەشتەکانی هەواڵ. باشترین رێگەش بانگهێشتکردنی پەیامنێری رووداوە لە نووسینگەی رووداو لە پەکین بۆ تاوتوێکردنی بابەتە گرنگەکان."
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، "ئێمە هاتووین بۆ چین بۆ پەیوەندییەکی فراوانتر لەگەڵ دەزگا راگەیاندنەکانی چین، ئێمە هەر لە چین دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا کە لەگەڵ ئاژانس و دەزگە گەورەکانی ئەمریکای لاتین و ئاسیا پەیوەندییەکی باش دروست بکەین کە لە داهاتوودا لە هاوکاری و هاوبەشی نێوانماندا رەنگدەداتەوە، بەڕاستی ئەوەی بینیمان بە گشتی لە چین خەڵک دەربارەی کورد و کوردستان زانیارییان نییە، ئەوە زیاتر هانی داین کە لە داهاتوودا هاوبەشییەکانمان لەگەڵ دەزگە چینییەکان فراوانتر بکەین. خەڵکی چین ژمارەیان ملیارێک و 425 ملیۆنە، ئەمەش ژمارەیەکی یەکجار گەورەیە لە هەشت ملیارەی لە جیهاندا هەیە، لەبەر ئەوە ئێمەش لە داهاتوودا ئەو هاوبەشییانەی کە دەمانبن زۆر زیاتر دەبن لەوەی کە لە رابردوودا هەمانبووە، لە چین ئێستا نووسینگەمان هەیە، هاوکارێکی چالاکمان لێرەیە، لە داهاتوودا رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر کارەکانی رووداو بەشێوەیەکی زۆرباش."
 
لە ماوەی رابردوودا تۆڕی میدیایی رووداو دوو بەرنامەی بە هاوبەشی لەگەڵ کەناڵی سی جی تی ئێن بەرهەمهێناوە یەکێكیان لە بارەی شەڕی عێراق و ئەمریکا و ئەوی دیکەشیان لە بارەی یارییەکانی ئۆڵەمپیادە.
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە