پشتیوان سادق: هەڕەشە و جووڵاندنی هێز لەکەس قبووڵ ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
د. پشتیوان سادق، سەرۆکی تیمی وزاریی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پيشکەشی دەکات باسی لە دۆخی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کرد و گوتی تیمی یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی نیگەرانی و کێشەکانیان نەکردووە و شاندی سیاسییان ناردووە بۆ لای لایەنەکان لەکاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیران شوێنی چارەسەری کێشەکانە.
هەر لەو هەڤپەیڤینەدا د. پشتیوان سادق باسی لە کوژرانی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر کرد و گوتی: "ئەو کردەوە تیرۆریستییە قبووڵکراو نییە و یەکێتیمان پێ تاوانبار نەکردووە". هاوکات نهێنیی مانەوەی ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی لە هەولێر ئاشکرا دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ئێوە کە سەردانی لایەنەکانتان کرد لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ چ مەبەستێک بوو؟ بۆ ئەو مەبەستە بوو، کە بە لایەنەکان بڵێن ئەگەر هەرێمی کوردستان لەت بوو خەتای یەکێتییە؟
د. پشتیوان سادق: سەردانی ئێمە بۆلای لایەنە سیاسییەکان دوای ئەوە هات کە شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی ژمارەیەک حیزب و لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد.
بێگومان ئێمە خۆزگەمان دەخواست ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی وەزیران باسکرایە، هەرچەندە شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شاندێکی حیزبی بوو، بەڵام گلەییەکانیان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو، بۆیە ئێمە بە پێویستمان زانی وەکو تیمی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان بکەین، ئەو گلەییانەی کە ئەو برادەرانە کردبوویان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند خاڵێکی لەخۆ دەگرت، خاڵەکان بریتی بوون لە بابەتی ئەمنی و بابەتی سلێمانی و داهات و هەندێک بابەتی دیکە پەیوەندی بە ئیش و کاری ناو ئەنجوومەنی وەزیران یان با بڵێین بابەتی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بوو، من دەمەوێت ئەوە بڵێم و هەموو هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستانیش بزانن بە نسبەت ئەنجوومەنی وەزیران ئێمە نزیکەی 90 کۆبوونەوەمان لە سەرەتای ئەم کابینەوەیەوە کردووە. ئەوە بەس کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی دیکەش زۆر کراوە کە پەیوەندی بە بابەتی دیاریکراو هەبووە لەو کۆبوونەوانەدا دەرگە و رێگە بۆ هەموو تیمێکی وزاری نەک بەناوی تیم بە ناوی هەر وەزیرێک کە ئازادە لەوەی هەر کێشە و گرفتێک بهێنێتە ناو ئەنجوومەنی وەزیران، واتا لەجیاتی ئەوەی ئێمە بچین لە شوێنەکانی دیکە کە شوێنی چارەسەر نییە و شوێنی چارەسەر تەنیا ئەنجوومەنی وەزیرانە باسبکەین باشتربوو لەوەی بچین لەگەڵ لایەنەکان باسی بکەین، بێگومان لایەنەکان پێکهێنەری پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانن، پێویستە ناوە ناوە لایەنەکان ئەپدەیت بکرێنەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەموو بابەتەکان ئەگەر وەک حکومەت تەماشای بکەین وەک پرۆسە لەگەڵ لایەنەکان، رێگە لە هیچ کەسیش نەگیراوە کە ئەو بابەتانە بهێنێتە ناو ئەنجوومەنی وەزیران.
هەموو وەزیرەکان دەزانن، کە جەنابی سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بە یەک چاو و بە یەکسانی تەماشای هەموو وەزیرەکان دەکات و شەفافیەتێکی ئێجگار زۆر لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەیە.
رووداو: تیمی یەکێتی لەناو حکومەتدا لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا ئەم نیگەرانییانەیان گەیاندووە؟
د. پشتیوان سادق: بەو شێوەیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکڕەوانەیە یان بابەتی پارێزگایەک کێشەی تێدایە بەوشێوەیە باس نەکراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کێشە و گرفتی بەگشتی تێدا باس کراوە، بەڵام ئەوەی کە ئەو شاندە لەگەڵ حیزب و لایەنەکان باسیان کردووە بەو شێوەیە باس نەکراوە، با جەنابت و هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان بزانن، ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران هەر هەموومان پێکەوە هەرسێ تیمی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەکان و هەموو وەزیرەکان پەیوەندیمان لەوپەڕی باشیدایە، ئێمە بە چاوی رێزەوە هەردەم تەماشای کاک قوباد وەک جێگری سەرۆکوەزیران و برادەرانی دیکەشمان کردووە، پێمانوایە ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران بە هەموو وەزیرەکانەوە پێمانوایە لەم کابینەیە و کابینەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمیش کە ئیشی باش و سەرکەوتووی کردووە بەس من باسی ئەم کابینەیە دەکەم ئیشی باش کراوە، بەڵام بێگومان لەوانەیە پێویست بێت هێشتا زیاتر بکرێت و بەدەریش نین لە کەموکوڕی، بەڵام دەستکەوتی باشی هەیە و ئەو دەستکەوتەش هی هەمووانە، بە تەنیا هی یەک کەس و دوو کەس و یەک حیزب و دوو حیزب نییە ئەوە دەستکەوتی هەموو کابینە و هەموو وەزیرەکانە پێکەوە.
رووداو: شاندەکەی یەکێتی لە سەردانەکەیدا بۆ لای لایەنەکان گوتبووی ئەگەر هەرێمی کوردستان لەت بوو و بووە دوو ئیدارەیی خەتای پارتییە، بەڕاستی ئەو مەترسییە هەیە؟
د. پشتیوان سادق: بێگومان ئەگەر وەک پارتی دیموکراتی کوردستان قسە بکەم پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ دامەزرێنەری یەکڕیزی و یەک خەباتی کوردستان بووە، پێشتر هەر شۆڕشێک کرابێت لە کوردستان لە شوێنێک کراوە، بەڵام پارتی لە زاخۆ هەتا خانەقین کوردی یەکخست، بۆیە ئەوە فەلسەفەی پارتییە و ئێستا پارتی بەهەمانشێوە لەسەری دەڕوات و قووڵتریشی دەکاتەوە، پارتی ئەگەر خاوەنی بیرۆکەی ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین بێت بە هاوکاری حیزب و لایەنەکان و بە هاوکاری خەڵکی نیشتمانپەروەر، چۆن ئێستا رێگە بەوەدەدات یان حەز بەوە دەکات کوردستان دوولەت ببێت، ئێمە وەک پارتی و وەک حکومەت پێمانوایە لەڕووی عەمەلی و لەڕووی یاسایی و دەستووری و لەڕووی دارایی و واقعی و مەنتقیشەوە دوولەتبوونی هەرێمی کوردستان یان دووئیدارەیی زۆر زەحمەتە، بۆیە دەکرێ من بڵێم بە ئومێدەوە تەماشای ئەوە دەکەین کە سەرەڕای کێشە و گرفتەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان هەر بە یەکڕیزی دەمێنێتەوە، ئەگەر شاندی یەکێتی باسی ئەوەی کردبێت کە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە هەولێر کراوە و ئەو کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکراکراوە و بەڵگەکان پێشانی خەڵک دراوە، بێگومان ئەوە بابەتێکە پەیوەندی بە یەکێتی نییە وەک حیزب، پەیوەندی بە بکەرەکانی ئەو کارە تیرۆریستییە هەیە.
واتە حکومەت یەکێتی تاوانبار نەکردووە کە بڵێت یەکێتی ئەو شتەی کردووە، بەڵام کردەوەیەکە کە هیچ یاسایەک و سەقامگیریی پایتەختی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانیش قبووڵی ناکەن کە کردەوەیەکی لەوجۆرە لە پایتەخت بکرێت، بۆیە پێویستە دادگە لەوبابەتەدا رۆڵی خۆی ببینێت.
رووداو: قوباد تاڵەبانی دەڵێت با داهاتەکانی هەموو هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە و بە یەکسانی دابەشبکرێنەوە، ئێوە بۆچوونتان چییە لەوبارەیەوە؟
د. پشتیوان سادق: بێگومان جەنابی سەرۆکوەزیران و تیمی وزاری پارتیش بۆچوونی وایە کە داهاتەکان بە یەکسانی دابەشبکرێن لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو بابەتە چۆنە و حەقیقەتەکەی چۆن دەبێ؟
جەنابی سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا و لە کۆبوونەوەی تایبەتیش دووپاتیکردووەتەوە، کە ئەگەر لە کوردستان یەک نانمان هەبێت دەبێت ئەو نانە لەت بکەین و بەسەر هەموو کوردستاندا دابەشی بکەین، بەڵام دەبێت سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بە شەفافی ئاگای لە داهات و خەرجی هەموو پارێزگاکان هەبێت وەکو خۆی، ئاگای لە پارە و سیولەی بانکەکان هەبێت وەکو خۆی ئەگەربێت و تۆ ئاگات لە شوێنێک هەبێت کە چی هەیە و چی نییە لەڕووی داراییەوە، بەڵام ئاگات لە شوێنێکی دیکە نەبێت بێگومان ئەوکاتە ئەو پرەنسیپە جێبەجێ ناکرێت.
دەمەوێ شتێکیش بگێڕمەوە، پێش ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵ برادەران لە سلێمانی داوای لامەرکەزیی داراییان دەکرد، من تەکلیف کرام لەگەڵ شاندێکی وزاری کە وەزیرەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بووین، بچینە سلێمانی. ئەوکات لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دانیشتین گوتمان لامەرکەزیی دارایی رەنگە لەرووی یاسایی دروست نەبێت، بەڵام لامەرکەزیی دارایی هەیە، ئەوان ئەوکاتە بۆچوونیان وابوو کە پێویستە داهاتی سلێمانی بۆ سلێمانی بێت، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە بابەتی مەرکەزیی دارایی دەورووژێندرێت بێگومان ئێمەش لەگەڵ مەرکەزیی دارایین، بەڵام بەو مەرجەی داهاتی هەموو پارێزگاکان و هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دیار و شەفاف بێت.
رووداو: هەروەک بەشێک لەو کێشە ئەمنییانەی کە هەن، لە رۆژانی رابردوودا ئەژی ئەمین هێزی ناردە سەر ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر وەکو دەشزانیت بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەژی ئەمین هێزەکەی کشاندەوە، دوای ئەوە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەژی ئەمین کراوە؟
د. پشتیوان سادق: ئێمە چۆن دژی کردەوەیەکی تیرۆریستین کە لە هەولێر کراوە، بە هەمانشێوە دژی ئەوەین لە هەولێر هەر کەسێک بیەوێت تەسفییەی حساباتی خۆی دژی کەسێکی دیکە بکات، بە نسبەت برای بەڕێزم کاک قوباد تاڵەبانی لای جەنابی سەرۆک بارزانی، لای جەنابی سەرۆکی هەرێم، لای جەنابی سەرۆکوەزیران، لای تەواوی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زۆر جێگەی رێزە، قبووڵکراو نییە هێز لە دژی بجوڵێندرێت یان تەنانەت هەڕەشە لە کاک قوباد تاڵەبانی بکرێت، ئێمە بە نسبەت هاووڵاتییانیش ئەوە قبووڵ ناکەین چ جای کاک قوباد، ئەو رووداوە دیارە لە سلێمانی بابەتێکی ئەمنی هەبووە لەدژی ژمارەیەک ماڵی ئەو کەسە، ئەو کەسە لەوانەیە تەلەفۆنێکی لەو بابەتەی کردبێت کە بەتەمایە تۆڵە بکاتەوە، بەڵام لەلایەن پارتییەوە ئاگادار کرایەوە و لەلایەن حکومەتیشەوە کە شتی وا بە هیچ جۆرێک دروست نییە.
ئێمە سەرەڕای هەموو ئەو تێبینییانەی کە هەمانە لەسەر بابەتی ئەو رووداوە لە هەولێر و لەسەر بابەتی داهات و هەندێک شتی دیکەش، بەڵام حەقیقەتێک هەیە کە ئێمە بڕوامان بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە لە هەرێمی کوردستان، بڕوامان بە پەیوەندیی پارتی و یەکێتی هەیە بۆ ئایندە، هەروەها بڕوامان بە رۆڵی کاک قوبادیش هەیە کە هەردەم رۆڵی ئەرێنی هەبووە لەو پرۆسانەدا.
رووداو: کەواتە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەژی ئەمیندا کراوە؟
د. پشتیوان سادق: لێپێچینەوە زۆر دەستەواژەی هەیە، بەڵام ئاگادارکراوەتەوە کە لە هەولێر ناکرێت هیچ کەسێک هەڕەشە لە کەسی دیکە بکات، هەموو دنیا شایەتی ئارامی و ئیستیقراری هەولێر دەدەن راستە ئێمە لە ناوچەیەکداین کە هەمووی کێشەیە. بارودۆخی عێراق و چواردەورمان دیارە چۆنە، بەڵام ئارامیی پایتەختی هەرێمی کوردستان کە بەراوردی دەکەیت بە ناوچەکە، ئارامییەکی سەقامگیرە. خەڵکێکی زۆری بیانی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە کەواتە ئێمە ئەو شتە لەسەر خۆشمان قبووڵ ناکەین، کە بەرپرسێکی پارتی هێرشی سەربازی یان هەڕەشەی هێرشی سەربازی بکاتە سەر کەسێکی دیکە، دادگە هەیە و مرۆڤ پێویستە بۆ ئەو بابەتانە پەنا بۆ دادگە و گوشاری سیاسی و گوشاری دیکە ببات نەک بە شێوەی شەخسی بچێت تۆڵەی ئەو بابەتانە بکاتەوە.
رووداو: د. پشتیوان رەنگە پرسیارێک هەبێت لای خەڵک، پرسیارێکی سادەشە، بەڵام وەڵامەکەی پێویستە، ئەویش ئەوەیە کە پۆستی ئەژی ئەمین ئێستا لە هەولێر چییە؟
د. پشتیوان سادق: ئەوە با روون بکەینەوە، لە دوای رووداوەکانی 8ی تەممووز کە لە سلێمانی روویاندا بەبێ خواستی پارتی بوو ئەو رووداوەی کە بوو گۆڕانکارییەک لە دەزگای ئەمنی روویدا، ئەژی ئەمین لەلایەن برادەرانی یەکێتی پاڵێورا بۆ ئەو پۆستە و لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە رەسمی ئەو ئیجرائاتە ئیدارییە کرا، پاش ماوەیەک بەبێ هەمان پرۆسە شتێکی دیکە کرا دوور لە مەسائیلی ئیداری، دەبووایە کە ئەژی ئەمین یان هەرکەسێک دەگۆڕدرێت پێویستە بڕیارێکی کارگێڕی بۆ دەربچێت. دیارە دوای ئەوە ئەو برادەرە هاتە هەولێر کە پێش ئەوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پارتی یان لەگەڵ دەزگاکانی هەولێر دەزگای ئەمنی و حکومی نەبووە، کە لە هەولێرە پۆستێکی هەستیاری هەبووە پێشتر و فەرمانبەری حکومەتە. لای ئێمە بابەتی حیزبی و شەخسی جیاوازن لەگەڵ بابەتی ئیداری، تۆ نەتدەتوانی لە هەولێر دەری بکەی یان گەمارۆی بدەی یان بە شێوەیەکی دیکە هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەی. ئەو بابەتە لە ئاستی سەریشەوە باسکراوە لەنێوان پارتی و یەکێتی، بوونی ئەو جۆرە کەسانە لە هەولێر کە زەرەریان بۆ شارەکانی دیکە و کەسەکانی دیکە نەبێت پێویستە بە جۆرێکی دیکە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت، ئەگەر هەولێر ببێتە شوێنی تەسفییەی ئەو بابەتانە، بێگومان خەڵکی هەولێری پایتەخت و خەڵکی کوردستانیش لێمان قبووڵ ناکات.
رووداو: لە دادگەکانی هەولێر فەرمانی دادگاییکردن بۆ چ بەرپرسێکی یەکێتی دەرکراوە بە تاوانی کوشتنی هاوکار جاف؟
د. پشتیوان سادق: لە دادگەکانی هەولێر بەپێی ئەو پرۆسێسەی کە کراوە و ئەوەشی کێشەی لەسەرە ئێستا ئەوەیە، دادگە داوای چەند تۆمەتبارێکی کردووە لەسەر ئەو کەیسە هەم لە رێگەی شەخسی و هەم لە رێگەی ئیداری و یاسایی داوای ئەو تۆمەتبارانە کراوە، بەڵام تائێستا رادەست نەکراون، سەرەڕای ئەوەی دەزگاکانی ئێرە ئەوەندەی من ئاگاداربم ئامادەن بۆ ئەوەی کە هەرکەسێک لە ئاستی نێودەوڵەتی یان لە ئاستی عێراق بەشداری ئەو پرۆسەیە بکات، بەڵام ئامادەنەبوونی ئەو کەسانە پرۆسەی دادگایی و ئەمنی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
رووداو: داواکراوەکان کێن، هەر ئەوانەن کە لە لێکۆڵینەوەکەدا راگەیێندران؟
د. پشتیوان سادق: بێگومان هەر ئەوانەن، ئەوەندەی من زانیاریم هەیە و ئەوەندەی منیش وەک ئێوە لە تەلەڤزیۆن بینیم هەر ئەوانەن بەڵێ.
رووداو: وەک ئەوەی زانیاریت هەیە جگە لە وەهاب هەڵەبجەیی کێی دیکە داواکراوە، ئایا سەرۆکی یەکێتی داواکراوە بۆ لێکۆڵینەوە؟
د. پشتیوان سادق: ئەوە بابەتێکی دیکەیە، کەسێک کە دەچێت لە دادگە داوا تۆمار دەکات و کەسێک تۆمەتبار دەکات، دادگە بەبێ ئەوەی بزانێت ئەو کەسە کێیە وەرەقەی بۆ دەنێرێت جا وەرەقەی بانگکردن یان رۆژی دادگاییکردنە یان هەر بابەتێکی دیکەی یاسایی بێت، بەڵام ئەو بابەتە نە پەیوەندیی بە حکومەتەوە هەیە و نە پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە.
لەسەر بابەتی موراد کانی کوردەیی سکاڵایەک تۆمار کراوە، بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندیی بە پارتییەوە نییە، چونکە ئەو بابەتە لە ئۆفیسەکانی پارتی و ئۆفیسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرنەچووە.
رووداو: کەواتە بابەتی بابەتی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی یەکێتی، پەیوەندیی بە دۆسیەی موراد کانی کوردەییەوە هەیە؟
د. پشتیوان سادق: بەڵێ پەیوەندیی بەو دۆسیەوە هەیە و ئەو بابەتە بەسەر زۆربەماندا هاتووە لە هەولێریش بەرپرسانی هەولێر زۆرجار ناویان بە تۆمەتبار هاتووە، چونکە کەسێک سکاڵای کردووە و نووسراوە تۆمەتبار فڵان دادگە داوای تۆی کردووە، ئەو بابەتەی سەرۆکی یەکێتی بەهیچ جۆرێک بە ئەنقەست نەبووە و ئێمەش لە دڵەوە ئەو بابەتەمان پێ ناخۆش بوو.
رووداو: شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کە سەرکردەیەکی یەکێتییە دەڵێت، دۆخەکە لە تەقینەوەدایە، ئایا بە راستی دۆخەکە ئەوەندە خراپە؟
د. پشتیوان سادق: وەڵڵا دۆخەکە هیچ لەسەر تەقینەوە نییە، نازانم مەگەر لای ئەوان بتەقێتەوە، ئەگەرنا لای ئێمە ناتەقێتەوە لای ئێمە نە تەقینەوە هەیە و نە هیچ لەگۆڕێیە. بەداخەوە کاک شێخ جەعفەر پیاوێکی تێکۆشەرە و پیاوێکە هەمیشە میانڕۆ بووە و لە هەموو لایەک نزیک بووە پۆستەکەشی جێگری سەرۆکی هەرێمە، لەو باوەڕەدا نیم ئەو قسانە قسەی جیددی بن، لەوانەیە پەیوەندیی بە هەندێک بارودۆخی ناوخۆی سلێمانییەوە هەبێت، چونکە هیچ شتێک لە گۆڕێ نییە و مرۆڤیش نابێت ئەوەندە بێ ئومێد بێت.
رووداو: شێخ جەعفەر لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لە هەندێک رێگەی چارەسەریش کرد، هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش باسی لە هەندێک چارەسەر و باسی لە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی کرد، ئەم قسانە تا چەند رێگەخۆشکەرن بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە؟
د. پشتیوان سادق: بێ گومان جەنابیان هەردەم لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو رۆڵەیان بینیوە و ئەوە جێگەی تەقدیرە لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش جەنابی سەرۆکوەزیران هەمان رۆڵی هەبووە، هەموو رێگەکان دەبێت بمانباتەوە سەر چارەسەر، کێشەکان ئەوەندە گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن بە پێکەوەیی پارتی و یەکێتی و هەموو لایەنە سیاسییەکان. لە ئەنجامدا ئێمە هەر دەبێ پێکەوە بین ئەو وڵاتە وڵاتی هەموومانە و ئەو حکومەتە حکومەتی هەموومانە.
رووداو: پێشبینی هەیە کە دوای کۆنگرە پارتی دەستپێشخەری هەبێت، هیچ پلانێک هەیە کە پارتی سەردانی یەکێتی بکات؟
د. پشتیوان سادق: ئێمە لەگەڵ یەکێتی قۆناخی سەختترمان بڕیوە، بێگومان بڕوامان بەوە هەیە هەرکات مەنتق و عەقلانیەت حەکەم بێت ئەوا هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان تاکە رێگەی بەردەمیان گفتوگۆیە بۆ چارەسەری کێشەکان. بۆیە یەکێتیش و پارتیش بڕیاری ئەوەیان نەداوە پەیوەندییەکانیان بپچڕێنن، ئەو هەوراز و نشێو و ساردی و گەرمییە لە پەیوەندیی حیزبەکان هەر هەبووە و هەر دەشمێنێت.
رووداو: دوایین پرسیارم با لەبارەی کۆنگرە بێت، پرسیارەکە ئەوەیە لە کۆنگرە چی دەگۆڕن؟
د. پشتیوان سادق: سەرەتا من دەمەوێ لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرە لە ئەندامان و هەوادارانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەم، دەمەوێ زۆر سوپاسی ئەندامانی کۆنگرە بکەم، کە ئەم چەند رۆژە ئەرکیان کێشاوە و ماندوو بوون. ئێمە بڕوامان بە رابەرایەتی جەنابی سەرۆک هەیە وەکو مەرجەعییەتی گەلی کوردستان، جەنابی سەرۆک وەکو رابەر و سەروەریی هەموومان، کە هەرشتێک جەنابیان سەرپەرشتی بکات بێگومان سەرکەوتوو دەبێت، ئەو کۆنگرەیەش تەعبیر لە خەبات و تێکۆشانی هەموو خەڵکی کوردستان بەتایبەت هەموو تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، ئیرادەی ئەندامانی کۆنگرە و تێگەیشتنی ئەوان بۆ داهاتووی پارتی قەناعەتمان هەیە کە کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەبێت. قۆناخەکە وا دەخوازێت لەو کۆنگرەیەدا تەکانی باشتر بە هێز و تواناکانی خۆمان بدەین و ببینە تەواوکەری خوێنی شەهیدەکانمان و ئەو ماندووبوونەی لە رابردوو سەرکردایەتیی پارتی کردوویەتی، کە جێگەی دەستخۆشییە.