سه‌رۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند باکووری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی هونەرمەند باکووری دەکەن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هونەرمەندی کۆچکردوو "ساڵانێکی دوور و درێژی تەمەنی بە خزمەتی هونەری رەسەنی کوردی بەسەربرد."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "پرسه و سه‌ره‌خۆشيى قووڵم ئاراسته‌ى خێزان و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێيانى و ته‌واوى هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستانى كوردستان ده‌كه‌م، هاوسۆز و هاوخه‌ميانم. هيوادارم خواى مه‌زن گيانى به به‌زه‌يى و ميهربانيى خۆى شاد بكات و ئارامى و دڵنه‌وايى به هه‌مووان ببه‌خشێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "مامۆستا باكوورى داهێنه‌ر و ناوێكى ديارى جيهانى گۆرانى و مۆسيقاى كوردييه ساڵانێكى دوور و درێژى ته‌مه‌نى به خزمه‌تى هونه‌رى ره‌سه‌نى كوردى به‌سه‌ربرد. ئه‌و له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى تيپى مۆسيقاى باواجيى كۆيه، ره‌وتێكى نوێى هونه‌رى هێنايه ئاراوه كه بۆ هه‌ميشه به به‌رهه‌مه به‌پێزه‌كانى له يادەوەريى خه‌ڵكى كوردستاندا ده‌مێنێته‌وه."
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا جگە لە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی دەڵێت، هونەرمەندی کۆچکردوو "رۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی ئاواز و مۆسیقای کوردی هەبووە و خزمەتێکی زۆری هونەری ڕەسەنی کوردی کردووە."
دکتۆر سەبا باکووری، کوڕی هونەرمەند باکووری بە تۆڕی میدیایی راگەیاند شەوی 02-11-2022 باوکی لە تەمەنی 94 ساڵیدا لە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی عەنکاوە کۆچی دواییکرد و بڕیارە تەرمەکەی لە گۆڕستانی عەنکاوە بە خاک بسپێردرێت.
سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەشی. دکتۆر سەبا گوتی: "باوکم جگە لەوەی بە تەمەن بوو، نەخۆشیش بوو، لە مانگی شەشی ئەمساڵەوە تەندروستیی تێک‌چووبوو."
باکووری ناوی تەواوی ئەندریۆس ئیسرائیل خەمۆ یۆنانە، لە 05-11-1928 لە قشڵەی کۆیە لەدایکبووە.
خێزانی باکووری لە گوندی (ساتیبەگ)ی پارێزگای (وان) لە باکووری کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ باشووری کوردستان تاوەکو لە ئاگری شەڕی سەفەربەلک و سوپای عوسمانی رزگاریان بێت.
باکووری تیپی مۆسیقای باواجی دامەزراندووە و زیاتر لە 50 گۆرانی تۆمار کردووە.