دوایین رۆژی دیداری مێری بەبەشداریی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو

02-11-2022
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
دوایین رۆژی دیداری مێری
دوایین رۆژی دیداری مێری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوایین رۆژی دیداری مێری بەبەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەچوو. 
 
رۆژی سێیەمی دیدارەکە بە پانێڵی دەوڵەتسازیی لە عێراق دەستیپێکرد، لەو پانێڵەدا باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم حکومەتی عێراق کرا. دواتر لە پانێڵی دووەمدا ئەولەویەت و دیدگەی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان گەرموگوڕییەکی دیکەی بە دیدارەکە بەخشی.
 
ئەلینا رۆمانۆڤسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "نەک تەنیا هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە تەواوی هێرشەکان ئێمە بەتووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانمان کردووە بۆسەر سەروەریی خاکی عێراق و زۆر نیگەرانیشین لەبارەی هەڕەشەکان لە کەناڵە دیپلۆماسی و سەربازییەکانمان کار دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لێرە کە زۆر وریابن لەو دۆخە."
 
پانێڵی سێیەم سەبارەت بە ئێزدی و کریستیانەکان بوو، سەرنجی هەمووان لەسەر قسە و داواکاری پێکهاتەکان و وەڵامدانەوەی لایەنی پەیوەندیدار بوو. 
 
مایان خەیری، خاتوونی ئێزدییەکان رایگەیاند، "بەڕاستی ئەوە هەشت ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەمان تێدەپەڕێ، تائێستا لە حکومەتی عێراق ئەوەی پێویستە بۆمان نەکراوە، بە راستی دەبوو شتی پێویست بکرایە، مافی ئێزدیش وەکو ئەو فەرمانەی هاتە سەرمان ئەوەندەشیان پێداباین. بە راستی لە هەموو لایەکەوە کەمتەرخەمن، تائێستا ئێمە وەزیرێکمان نییە."
 
یاسین عەزیز، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، پانێڵی پێکهاتەکان پانێڵی داراییەکان، هەموو ئەوانە گرنگ بوون، بەڵام وەکو باسم کرد ئێمە وەکو لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر ئەوەی کە گرنگیی پێدەدەین پانێڵی پانێڵە سیاسییەکانە."
 
جانسن هەنتەر، سەرۆکی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەڵێت، "یەکەم پانێڵی سەرنجڕاکێش بۆ من پانێڵی بەرەنگاربوونەوەی تووندڕۆیی بوو، چونکە پانێڵەکە پەیوەندیدار بوو بە شارەزایی و پسپۆریی من، دووەم پانێڵ کە بە بۆچوونی من زۆر باش بوو پانێڵی پاراستنی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوو. ئێزدی و کریستیانەکان هەموو مافی ئەوەیان هەیە بەشێک بن لەم کۆمەڵگەیە."
 
بە پێشکێشکردنی پانێڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری مێری ساڵی 2022 کۆتاییهات، ئەم دیدارە 3 رۆژی خایاند و تێیدا 11 پانێڵ پێشکەش کرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە