کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانیان بۆ بنێرن بە مەبەستی دامەزراندنیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە نووسراوێکدا داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەکات، ناوی سێ یەکەمی سەر ئاستی بەشەکان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرن بۆ ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی عێراق بە مەبەستی دامەزراندنیان.
د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمانی داواکاریی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق داوای زانیاریی سێ یەکەمی سەر ئاستیی بەشەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە بە مەبەستی دامەزراندنیان.
د. توانا نەجەف گوتیشی، داواکارییەکەی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی تەنیا بۆ یەکەمی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان نییە، بەڵکو زانیاریی لەبارەی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش داواکراوە؛ دەبێت زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە پێنج رۆژدا زانیارییەکان بنێرن و ئاراستەی بەغدای دەکەن.
باسی لەوەش کرد، ئەنجوومەنی راژەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق دوای ئەوەی زانیارییەکانی پێدەگات ناونیشانی پیشەیی - عنوان الوظفي-یان بۆ دیاریدەکات و پاشان لە قۆناخی دواتر بڕیار لەسەر دامەزراندنیان دەدرێت بەگوێرەی پێداویستی وەزارەتەکان.
لەبارەی ژمارەی دەرچووانی یەکەمی سەر ئاستی بەشەکان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەرپرسەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای ئاماژەی بەوەش کرد، سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ دەرچووانی ساڵانی 2017-2018 تاوەکو 2022 دانەمەزراون ، لەسەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان 570 بەش هەیە کە سێ یەکەمی سەر ئاستی ئەو بەشانە پێنج ساڵە دانەمەزراون و هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسن.
بەشێک لە خوێندکارانی دەرچووی ساڵانی رابردوو کە کۆنمرەیان بەرزە، ئەمساڵ داواکارییان لەسەر بەش و کۆلێژە پزیشکییەکانە، بەڵام ناویان نەگەڕاوەتەوە. د. توانا نەجەف گوتی: گرفتی دەرچووانی ساڵانی رابردوو کە کۆنمرەیان بەرزە و دەیانەویت وەکو دەرچووانی ئەمساڵ لە کۆلێژە پزیشکییەکان وەبگیرێن، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە و رۆژی دووشەممە 31-10-2022، ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە سلێمانی کۆبووەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە کرا.
سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتیشی، ئەو پرسە لەبەردەستی وەزیری خوێندنی باڵایە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی ئەوەداین بزانین کۆلێژە پزیشکییەکان دەتوانن چەند خوێندکاری دیکە وەربگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ