رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا لەبارەی سووتانی ژمارەیەک دووکان لە گەڕەکی نەورۆز روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پەیوەندیی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، کە لە ستوون بەستراون و هۆکارەکە لەناو دووکانەکانە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 2-11-2021، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رەتیدەکاتەوە ئەو چەند دووکانەی لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڕەکی نەورۆز سووتان و بەهۆی پێوەری زیرەکەوە بووبێت.
لە روونکردەوەکەدا هاتووە: "لیژنەی راسپێردرا بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەیەک لە چەند دووکانێکی گەڕەکی نەورۆز لە هەولێر، ئەنجامی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان خستەڕوو، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو دووکانانەی سووتابوون، سەردانی شوێنەکەمان لە گەڕەكی نەورۆز کرد، بۆمان دەرکەوت کە پێوەرەکان نەسووتابوون و کار دەکەن".
هەروەها هاتووە: "هیچ شوێنەواری سووتان لەناو بۆردەکە دیار نییە و هەر چوار پێوەرەکە نەسووتاون و هەردوو سێرکێتەکان سەلامەتن و لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پەیوەندی بە پێوەری زیرەکەوە نییە کە لە ستوون بەستراون و هۆکاری لەناو دووکانەکانە".
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەوەش رووندەکاتەوە لە کاتی سووتانی ئەو دووکانانە: "دەنگۆی چەواشەکارانە سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لە پەیجەکانی سۆشیاڵمیدیا بڵاوکرابووەوە، بۆیە رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە هەواڵی چەواشەکارانە لە دژی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بڵاویان کردووەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ