رووداو- هەولێر
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژی جیهانى دەربازنەبوونى تاوانباران لە سزا رایگەیاند، لەماوەی 10 ساڵدا 1440 پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی عێراق بەرامبەر رۆژنامەنووسان کراوە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانى دەربازنەبوونى تاوانباران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە ماوەى ساڵانی 2010 بۆ 2018 دا، (898) حاڵەتى پێشێلکارى لە گرتن و لێدان و رێگرى بەرامبەر (1440) رۆژنامەنووس کە (1328) رۆژنامەنووسی نێر و (64) رۆژنامەنووسی مێینە ئەنجامدراوە".
بەپێی راگەیێندراوەکە، (347) حاڵەتی پێشێلکارییەکان لە هەولێر، (285) حاڵەت لە سلێمانى، (107) حاڵەت لە دهۆک، (59) حاڵەت لە کەرکووک، (18) حاڵەت لە هەڵەبجە، (18) حاڵەت لە موسڵ، (6) حاڵەت لە کفرى، (6) حاڵەت لە خانەقین، (5) حاڵەت لە سەڵاحەدین، (4) حاڵەت لە بەغداد و (4) حاڵەت لە دیالە روویانداوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان، دادگاکان و داموودەزگا ئەمنییەکانى، نەک هەر ئەرکیانە بکوژانى رۆژنامەنووسان بدۆزنەوە و بە سزایان بگەیێنن، بەڵکو ئەرکى گرنگتر لەوە و سەرەکییان ئەوەیە، کە پارێزگارى لە رۆژنامەنووسان بکەن و پیشەکەیان لە چوارچێوەى یاسادا رێزى لێبگیرێت و کارى رۆژنامەنووسانى پرۆفیشناڵ بە فەرمی بناسرێت و رێزى لێبگرێت.
سەندیکای رۆژنامەنووسان داوادەکات، کە یاساى ژمارە (35) ساڵى 2007 (یاساى کارى رۆژنامەنووسى) و یاساى ژمارە (11)ـى ساڵى 2013 (یاساى مافى بەدەستهێنانى زانیارى) وەکو دوو یاساى پارێزەرى مافەکانى رۆژنامەنووسان جێبەجێبکرێن.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەشڵێت، وەکو ئەنجوومەنى سەندیکاى رۆژنامەنووسانى کوردستان گلەییمان هەیە و نیگەرانین کە وەکو پێویست ئەو رێوشوێنانە نەگیراونەتە بەر و لە زۆر کاتدا وەکو پێویست هاوکارى سەندیکا نەکراوە و مامەڵەى پێویست بۆ راپۆرتەکانى (لیژنەى داکۆکى و ئازادى رۆژنامەنووسى و مافى رۆژنامەنووسان) نەکراوە و مامەڵەى دروست و تەندروست لەگەڵ هاوپیشەکانمان نەکراوە، کە لە ژێر چەترى سەندیکادا وەکو مەرجەعى خۆیان سەیردەکەن و چاوەڕێى مافەکانیانن.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ