تیمێکی ئێرانی بە دوای ئێسک و پروسکی سەربازەکانیان دەگەڕێن

رووداو - سۆران 

بەدرێژایی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێڕاق و ئێران، سەدان هەزار سەربازی هەردوولا بوونە قوربانی ئەو جەنگە، لە باشووری كوردستان یەكێك لەوشوێنانەی سەختترین جەنگی نێوان عێڕاق و ئێرانی تێدا بەرپابوو، لوتكەی چیای گردمەندیل بوو لە دەڤەری باڵەكایەتی.

وەك سەرچاوە مێژووییەكان باسی لێوەدەكەن، جەنگی نێوان​ئەم وڵاتانە لەم چیایەدا هەشت جار دەستاودەستی كردووە و بەهۆشیەوە بە سەدان هەزار قوربانی لە سەربازانی هەردوولا لە شاخەكە جێماون، ئێستاش تیمێكی ئێرانی بە رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دەڤەرە سەرقاڵی دۆزینەوە و دەرهێنانی ئێسك و پڕوسكی سەرەبازەكانیانن و تەرمی 71  قوربانی ئەوجەنگەیان گەڕاندووەتەوە وڵاتەكەیان.

مام رەسول یەكێكە لەو هاونیشتمانییانەی دەڤەری باڵەكایەتی له باشووری كوردستان، لە دوای ساڵی 1991 لە بەر نەداری و كەمدەرامەتی، بۆ بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵی، سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بووه و لەوكارەش هەشت جار بەر مین دەكەوێ و دواجار قاچێكی دەپەڕێ.

شوێنی كاری مام رەسول لە گردمەندیل دەبێت، ئەو شوێنە سەختترین جەنگی نێوان عێڕاق و ئێرانی تێدا بەرپا بووە، ئەو باس لەپاشماوەی ئەم ژمارە زۆرەی ئێسك و پروسكی سەربازانی هەردوو وڵات دەكات، كە جێماوی جەنگە سەختەكەن و دەشڵێت، بەهەزاران قوربانی لەلایەن هەردوولا ژێر خاككراون.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی قەزای چۆمان، ئەم تیمە لە 18ـی ئایاری ئەمساڵەوە، تاوەكو ئێستا رووفاتی 71 كەسیان لە چیای گردمەندیل و كۆدۆ دۆزیوەتەوە.