رووداو - سۆران
بەدرێژایی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێڕاق و ئێران، سەدان هەزار سەربازی هەردوولا بوونە قوربانی ئەو جەنگە، لە باشووری كوردستان یەكێك لەوشوێنانەی سەختترین جەنگی نێوان عێڕاق و ئێرانی تێدا بەرپابوو، لوتكەی چیای گردمەندیل بوو لە دەڤەری باڵەكایەتی.
وەك سەرچاوە مێژووییەكان باسی لێوەدەكەن، جەنگی نێوانئەم وڵاتانە لەم چیایەدا هەشت جار دەستاودەستی كردووە و بەهۆشیەوە بە سەدان هەزار قوربانی لە سەربازانی هەردوولا لە شاخەكە جێماون، ئێستاش تیمێكی ئێرانی بە رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو دەڤەرە سەرقاڵی دۆزینەوە و دەرهێنانی ئێسك و پڕوسكی سەرەبازەكانیانن و تەرمی 71 قوربانی ئەوجەنگەیان گەڕاندووەتەوە وڵاتەكەیان.
مام رەسول یەكێكە لەو هاونیشتمانییانەی دەڤەری باڵەكایەتی له باشووری كوردستان، لە دوای ساڵی 1991 لە بەر نەداری و كەمدەرامەتی، بۆ بژێوی ژیانی ماڵ و منداڵی، سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی بووه و لەوكارەش هەشت جار بەر مین دەكەوێ و دواجار قاچێكی دەپەڕێ.
شوێنی كاری مام رەسول لە گردمەندیل دەبێت، ئەو شوێنە سەختترین جەنگی نێوان عێڕاق و ئێرانی تێدا بەرپا بووە، ئەو باس لەپاشماوەی ئەم ژمارە زۆرەی ئێسك و پروسكی سەربازانی هەردوو وڵات دەكات، كە جێماوی جەنگە سەختەكەن و دەشڵێت، بەهەزاران قوربانی لەلایەن هەردوولا ژێر خاككراون.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی قەزای چۆمان، ئەم تیمە لە 18ـی ئایاری ئەمساڵەوە، تاوەكو ئێستا رووفاتی 71 كەسیان لە چیای گردمەندیل و كۆدۆ دۆزیوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ