شاخەوان عەبدوڵڵا: بەبێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان دانیشتنی پەرلەمان ناکرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بەپێی خشتەی کاری ئەمڕۆ دەبێت، گوتیشی، ''سەرجەم ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان داوە.''
 
دانیشتنی رۆژی چوارشەممە، 02-10-2024ـی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان دواخرا. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەوبارەوە رایگەیاند، ''پڕۆژەیاساکە بە لای ئێمەوە گرنگە و ئەمڕۆ بڕیارمان دا تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتن لەسەر ئەم بابەتە دەکرێت، دانیشتنەکانی پەرلەمان رابگرین.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، ''ئەمڕۆ بەشێک لەو فراکسیۆنانەی کە پێشتر تێبینییان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان هەبوو، هاتنە هۆڵی پەرلەمان، بەڵام گوتیان بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیان پێیان وابووە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، دانیشتن ناکرێت.''
 
یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە بڕیار بوو دەنگدان بێت بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان و بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش دەنگدان بوو لەسەر هەمواری یاسای باری کەسی، کە شیعەکان داوای دەکەن. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ''هەر کات دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، خشتەی ئەمڕۆی کاری پەرلەمان دەخرێتەڕوو و بەبێ خوێندنەوەی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان دانیشتن ناکرێت.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا سوپاسی سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی لە پەرلەمانی عێراق کرد، کە سەبارەت بە پڕۆژەیاساکە یەکدەنگ و هاوڕان، دەشڵێت، ''ئەم بابەتە بەلای ئێمەوە گرنگە کە ستەم لە خەڵکمان کراوە و زەوییان لێ داگیر کراوە، 20 ساڵە بە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، خەڵک چاوەڕێیە پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرێت.''
 
پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکات. بە گوتەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ''لەسەر بابەتەکە رێککەوتنی سیاسی کراوە، پێشتر برادەرانی شیعە کێشەیان هەبوو، بەڵام ئەوەی کە بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت، رێککەوتنی هەردوو لایە.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ سەرجەم ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمان دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاساکە داوە، کە ''پێشتر تەنیا کوردەکان بوون، بەشێک لە سوننەکانیش رەزامەندییان دەربڕیوە لە دانیشتنەکەدا بەشداربن و تەنیا یەک فراکسیۆنیان (تەقەدووم) نایەتە ژوورەوە''.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووپاتی کردەوە، ''هیچ پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمان تێناپەڕێت، مەگەر پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان تێپەڕێندرێت.''
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ (چوارشەممە) سەبارەت بە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆ خاوەنەکانیان لەگەڵ سەرجەم سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان کۆبووەتەوە، ''هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی نەماوە کە لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە نەبێت.''
 
ئەو خانوو و زەوییانە بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، داواکاریی کورد و تورکمانە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە