محەممەد حاجی مەحموود: رەنگە دوای هەڵبژاردن هەندێکیان لەم قسانەی ئێستایان پەشیمان ببنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانگەشەی فراوانی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان بۆ ناساندنی بەربژێرەکانی لە هەولێر بەڕێوەچوو. سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت، لە دوای 20ـی 10، دەبێت هەموو لایەنەکان لە هۆڵێک کۆببنەوە و پێکەوە بڕیار بدەن، بۆیە ئەو قسانەی ئێستا دەکرێن، لەوانەیە دواتر هەندێک لێی پەشیمان ببنەوە. 
 
محەممەد حاجی مەحموود، پەرلەمانی کوردستان بە هاوتای مانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەقەڵەمدەدات و داوا لە خەڵک دەکات بە گوڕوتینەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. هەروەها هیوای خواست هەموو هێزە بەشدارەکان بە هێمنی بانگەشە بکەن، چونکە دەبێت لە دوای هەڵبژاردن پێکەوە کۆببنەوە و رەنگە لە هەندێک لەو قسانەی ئێستا دەیکەن، پەشیمان بن.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2024) لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر کەرنەڤاڵێکی بۆ راگەیاندنی لیستەکە سازکرد.
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، کە محەممەدی حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات، پێکهاتووە لە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.
 
محەممەدی حاجی مەحموود لە کەرنەڤاڵەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد، تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و رایگەیاند، "ئەو هەڵبژاردنە گرنگە، چونکە بەم هەڵبژاردنە شەرعییەت بۆ پەرلەمانی کوردستان و هەموو دامودەزگاکان دەگەڕێتەوە".
 
محەممەدی حاجی مەحموود بەشداریکردنی فراوانی هاووڵاتییانی لەم هەڵبژاردنەدا بە "گرنگ" دانا و داوای لە هەموو چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و، "دەنگ بەو لایەنە بدەن، کە خۆیان پێیان باشە".
 
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان، باسی لە مێژووی سێ حیزبە هاوپەیمانەکە کرد و گوتی، "مێژووی هەر سێ حیزبەکە، مێژوویەکی گرنگ و کاریگەرە".
 
لە کەرنەڤاڵەکەدا گوتاری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی لەلایەن نەجم حەمە سەعید خوێندرایەوە و تێیدا کارنامەی هاوپەیمانیێتییەکەی خستەڕوو. 
 
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی هاوپەیمانیی ئاماژەی بەوە کرد، هەرسێ لیستەکە، "لەپێناو دەستەبەرکردنی سەرجەم مافەکانی مرۆڤ و زامنکردنی مافی نەتەوە، ئایین، ئایینزاکان، رێزگرتن، پەرەپێدانی زمان، کولتووری نەتەوە و پێکهاتەکان"، تێدەکۆشێت. 
 
لە کەرنەڤاڵەکەدا خدر رووسی، سکرتێری بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، گوتارێکی پێشکێش کرد و پاڵپشتیی بزووتنەوەکەی بۆ لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان راگەیاند، داواشی لە لایەنگرانی بزووتنەوەکە کرد، دەنگ بە بەربژێرانی لیستی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە