100 کورسی؛ بەربژێران بەڵێنی چاکسازی لە کەرتی پەروەردە دەدەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرنامەی 100 کورسی تۆڕی میدیایی رووداو، پێنج بەربژێری پارتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتکرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کەرتی پەروەردە. 
 
بەربژێرانی بیروڕای خۆیان لەسەر چاکسازیی لە سیستمی پەروەردەدا خستەڕوو. بەشداربووان بریتی بوون لە لاجان کاکە حەمە، بەربژێر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، هەرێم جەمال، بەربژێری پارتیی دیموکراتی کوردستان، رەوەند بەکر، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان، کانی مەولوود، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، فەرمان میرسێوگی (ناسراو بە فەرمان سێکانی) بەربژێری کۆمەڵی دادگەری کوردستان.
 
بەرنامەی 100 کورسی کە لەلایەن، رەنج سەنگاوی پێشکێش دەکرێت، گفتوگۆکەی بە پرسیارێکی سەرەکی دەستپێکرد "چۆن دەکرێت هاوسەنگی لەنێوان قوتابخانە ئەهلی و حکومییەکان دا رابگیرێت، بەجۆرێک منداڵانی خێزانە هەژارەکانیش دەرفەتێکی یەکسانیان هەبێت بۆ فێربوون و رکابەریکردن لەگەڵ منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان؟"
 
لەسەرەتادا، کانی مەولوود، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، جەختی لەسەر پێویستیی چاکسازی لە سیستەمی مووچەدا کردەوە. ئەو پێشنیازی کرد دەبێت مووچەی مامۆستایان لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان هاوسەنگ بکرێت بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی. 
 
ئەو بەربژێرەی رەوتی هەڵوێست لە بازنەی هەولێر گوتیشی "جیاوازییەکی زۆر لەنێوان قوتابخانەی ئەهلی و حکومی دا هەیە، لە قوتابخانە ئەهلییەکان هەموو پێداویستییەکانی قوتابی دابین دەکرێن. بەڵام لە قوتابخانە حکومییەکان ئەو پێداویستییانە نییە. هەروەها گرنگە ژمارەی قوتابخانەکان زیاد بکرێت، چونکە ئێستا ژمارەی قوتابیان زۆر زیاتر لە ژمارەی قوتابخانەکان، ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی و باشترکردنی ژینگەی فێربوون."
 
لاجان کاکە حەمە، بەربژیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستی بەرزکردنەوەی کوالێتیی خوێندن دەکات. ئەو پێیوایە پێویستە قوتابی ببێتە چەقی پرۆسەی فێرکردن، نەک مامۆستا. بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیازی کرد پێویستە ژێرخانی قوتابخانەکان باشتر بکرێت و مامۆستایان راهێنانی پێویستیان پێبدرێت.
 
ئەو بەربژێرەی یەکێتی لە بازنەی پارێزگەی هەولێر دەشڵێ، "دەبێت بتوانیت ژینگەیەک بۆ خوێندکاران لەنێو پۆل فەراهەم بکەیت، کە خوێندکاران هەست بکەن، ئەوان چەقی فێرکردن و خوێندنن، نەوەک بابەتی دیکە." 
 
هەرێم جەمال لە پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە گرنگیی دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ پەروەردە کرد. ئەو پێشنیازی کرد لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا، بودجەیەکی زیاتر بۆ پەروەردە تەرخان بکرێت. هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی راهێنانی مامۆستایان و باشترکردنی بژێوی ژیانیان کردەوە.
 
ئەو بەربژێرەی پارتی لە بازنەی سلێمانی دەڵێ، "دەبێت ئێمە زیاتر جەخت لەسەر ئەوە بکەین، کاری لەپێشینەی حکومەتی داهاتوو پێشخستنی کەرتی پەروەردە بێت. هەروەها بابەتێکی دیکە کە پێویستە لە داهاتوودا پەرەی پێبدرێت، پرسی بەئەلیکترۆنیکردنی پەروەردەیە کە بە 'ئی-پەروەردە' ناسراوە، هەرچەندە لەم کابینەیەدا کراوە و تەواوی سیستمی پەروەردەی بەیەکەوە بەستووەتەوە، بەڵام دەبێت زیاتریش کاری لەسەر بکرێت." 
 
رەوەند بەکر، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان، رەخنەی لە دۆخی ئێستای ژێرخانی پەروەردە گرت و رایگەیاند، کەرەستە و پێداویستییەکانی خوێندن لە زۆربەی قوتابخانە حکومییەکان کەم و خراپن. ئەو بەربژێرە پێشنیازی کرد؛ پێویستە سەرمایەگوزارییەکی گەورە لە بواری نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ قوتابخانەکان بکرێت.
 
بەربژێرەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە بازنەی هەولێر گوتیشی، "دەبێت فەلسەفەیەکی یەکگرتوویی گشتگیر لەنێوان قوتابخانە ئەهلی و حکومییەکاندا هەبێت. لەگەڵ ئەوەش دا دەبێت بوودجەیەکی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ رێکخستنەوەی ژێرخانی کەرتی پەروەردە و هاوکاریکردنی ئەو قوتابیانەی بەهۆی بژێوی ژیانیانەوە ناچارن واز لە خوێندن بهێنن و بەو هاوکارییە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ خوێندن." 
 
یەکێک لە گرفتەکانی پەروەردە، دوو یان سێ دەوامییە لە هەندێک لە قوتابخانەکان، فەرمان سێکانی لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، جەختی لەسەر پێویستیی هەبوونی فەلسەفەیەکی یەکگرتوو بۆ پەروەردە کردەوە. ئەو پێشنیازی کرد پێویستە حکومەت روانگەیەکی روونی هەبێت بۆ ئەوەی دەیەوێت چ جۆرە هاووڵاتییەک پەروەردە بکات. هەروەها داوای کرد زمانی کوردی گرنگی زیاتری پێبدرێت لە هەموو قوتابخانەکاندا.
 
ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی هەولێر دەڵێ "پێویستە بودجەیەکی تایبەت بە کەرتی پەروەردە دیاری بکرێت و ئەو بەشە بودجەیەش کەمتر نەبێت 10٪ـی داهاتیی نیشتمانی. چونکە لە هەموو وڵاتان لەرێگەی بەبایەخدان بە بواری پەروەردە، پێشکەوتوون. بەڵام ئێمە هێشتا قوتابخانەکان لەشێوەی زیندان دروست دەکەین، پێکهاتەی دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانە دەگۆڕین، چونکە ئەو باڵەخانانەی ئێستا بۆ قوتابخانە دروست دەکرێن، هاوشێوەی زیندانە و کەڵکی وانەگوتنەوەی نییە." 
 
لە کۆتایی بەرنامەی 100 کورسیدا، سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی دامەزراوەی پەی، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ گفتوگۆی بەربژێرەکان خستەڕوو. ئەو ستایشی ئاستی گفتوگۆی بەربژێرەکانی کرد، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد پێویستە ئەم بیرۆکانە بکرێنە پلانی کرداری و جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا لەچوارچێوەی قسەکردندا بمێننەوە. 
 
سەروەر عەبدولڕەحمان، ئاماژەی بەوەش کرد "بان کی موون، سکرتێری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نهێنیی پێشکەوتنی کۆریای باشوور لە هەژارییەوە بۆ خۆشگوزەرانی، گرنگیدان بووە بە پەروەردە. بەداخەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان گرنگیمان بە کەرتی پەروەردە نەداوە.'' 
 
سەرۆکی دامەزراوەی پەی گوتیشی "پێویستە حیزبە سیاسییەکان ''رێککەوتنێکی جێنتڵمانانە'' بکەن لەسەر پەروەردە و ئەم کەرتە لە ململانێی سیاسی دوور بخەنەوە. دەبێت وەزیری پەروەردە لەسەر بنەمای لێهاتوویی دیاری بکرێت، نەک سەر بە حیزبێکی دیاریکراو بێت. گرنگ ئەوەیە دەنگدەر لەسەر بنچینەیەکی عەقڵانی دەنگ بە باشترین کاندید بدات، بۆ ئەوەی کە پێیوایە، دەتوانێت خزمەتی زۆرتر بە کەرتی پەروەردە بکات."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە