کۆمیسیۆن بۆ دەزگاکانی راگەیاندن: هەر ئاژاوەیەک سەربکێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگدان قەدەخەیە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆمەڵێک رێنمایی لەبارەی رووماڵکردنی میدیایی لە رۆژی دەنگدان بڵاوکردەوە و تێیدا سنووری کارکردنی بۆ میدیاکاران دیاریکردووە. 
 
کۆمیسیۆن دەڵێ میدیاکاران بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانی لەنێو وێستگەکانی دەنگدان بکەن، جگە لەو بنکانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە دیاری دەکرێن.
 
ئەمڕۆ (2ـی ئۆکتۆبەری 2024) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی رووماڵی میدیایی لە رۆژی دەنگدان بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا باسی رۆڵی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات بۆ رووماڵکردنی رۆژی دەنگدان، کە تێیدا هاتووە، ئەو دەزگایانەی راگەیاندن کە متمانەیان پێدراوە، ئازادیی رووماڵکردنی پرۆسەی دەنگدانیان پێدەدرێت، چونکە رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە برەودان بە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەر و بێلایەن، لەنێو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان دا.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، دەزگاکانی راگەیاندن مافی ئەوەیان نییە لە هەموو بنکەیەک ڤیدیۆ تۆمار بکەن و ئامێرەکانی تۆمارکردن بەکاربهێنن، جگە لەو بنکانەی پێشتر کۆمیسیۆن دیارییان دەکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەزگایانە بۆیان نییە هیچ ئامێرێكی ئەلیکترۆنی (کامێرا و ئامێرەکانی تۆمارکردن) هەڵبگرن، هەروەها دەبێت مۆبایلەکانیان بکوژێننەوە، لەنێو ئەو بنکانە نەبێت کە پێشوەختە کۆمیسیۆن دیارییان دەکات.
 
بەشێکی دیکەی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بە چەند خاڵێک دیاریکراون، لەوانە:
 
- نانەوەی هەر جۆرە ئاژاوەیەک، کە سەربکێشێت بۆ پشێوی لە پرۆسەی دەنگدان، لەنێو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان قەدەخەیە.
- بۆیان نییە هیچ چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانی لەنێو وێستگەکانی دەنگدان بکەن جگە لەو بنکانەی رێگەیان پێدراوە.
- بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە بچنە نێو کابینەی دەنگدان یان وێنەی نێو کابینەکە بگرن.
- رێکخەری بنکەی دەنگدان و بەڕێوەبەرانی وێستگەی دەنگدان، مافی ئەوەیان هەیە داوا لە نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن بکەن بنکە یان وێستگەکە جێبهێڵن ئەگەر رێساکانی رەفتاری تایبەت بە نوێنەری راگەیاندن پێشێل بکەن.