مەسرور بارزانی: لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پشت بەخودا کارەبای 24 کاژێری بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە "پارتی گەورەترین سەرکەوتن تۆمار دەکات" و ئاماژە بەوە دەکات، پارتی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە و هەر ئەویش دەیپارێزێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 02ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ قوتابییان، لاوان و ئافرەتان لە شاری هەولێر، لە گوتارێکدا باسی لە هەڵمەتە هێمن و ئارامەکەی حیزبەکەی کرد و دەڵێ: "دژی تووندوتیژی و تۆقاندنبووین و نەمانویستووە رۆژێک لە رۆژان شەڕ بکەین، ئەگەر لەپێناو بەرگریکردن لەمیللەتەکەمان نەبێت، ئێمە هیچ کات لەگەڵ شەڕ نەبووین و هەمیشە لەگەڵ ئاشتیداین." 
 
جێگری سەرۆکی پارتی باسی لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "پارتی ئەم ئەزموونەی دروستکردووە و پارتیش ئەم ئەزموونە دەپارێزێت. پارتی خاوەنی ئەم ئەزموونەیە. خوا یار بێت لەم هەڵبژاردنە گەورەترین سەركەوتن بەدەست دەهێنین. پارتی بە تەنیا زۆر دەستكەوتی هەبووە، بەڵام هیچ لایەنێكی دیکە بە تەنیا و بەبێ پارتی نەیتوانیوە دەستكەوتی هەبێت."
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی راشیگەیاند: "پارتی دەستی باڵای هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و لە کابینەکانی یەک لە دوا یەکی کە بە سەرپەرشتیی پارتی بووە، دەبینین کوردستان لە چی قۆناخێکەوە بەرەو چی قۆناخێک چووە و چی جۆرە ئاوەدانییەک لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە. لە داهاتووشدا پارتی، بەردەوام دەبێت لە زیاتر ئاوەدانکردنی کوردستان."
 
دواتر مەسرور بارزانی، بەڵێنی باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان دەدات و رایگەیاند: "لە رووی ئاوەدانییەوە، ئەگەر تەماشا بکەن، لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەبێ هیچ جیاوازییەک پارتی پشکی شێری هەبووە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، دەزانم کەموکورتی زۆرە و زۆر شت ماوە بکرێن، لە هەوڵی جیدیداین بۆ ئەوەی پێداوستییەکان باشتر بکرێت و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرێن، ئەجێندایەکی تێروتەسەلمان هەبووە و بەردەوامیش دەبین لەوەی هەموو ئەو کارە خزمەتگوزارییانەی لای ئێوە گرنگن، ئێمە جێبەجێیان بکەین. یەکێک لەوانە کارەبایە کە دەزانم لای هەمووتان گرنگە، بەڵام بەو بەرنامەیەی دەستمان پێکردووە و بەردەوام دەبین لەماوەیەکی زۆر نزیکدا پشت بە خودا کارەبای 24 کاژێریی بۆ هەموو کوردستان دابین دەکەین." 
 
بانگەشەی هەڵبژارنەکانی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئەیلوولی رابردوو دەستیپێکرد و بڕیاریشە بانگەشە تاوەکو 15ی ئەم مانگە بەردەوام بێت، پێنج رۆژ پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەم، کە تیێیدا سێ ملیۆن و 789 هەزار کەس لە چوار بازنەی هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە