لە کەرکووک ژن و پیاوێک لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و تەندروستیی شارەکە دەڵێت، ژن و پیاوێک سووتاون و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا
کاژێر 12:10 خولەکی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 02-10-2024، لەسەر رێگەی سەرەکیی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئۆتۆمبێلی تایبەتی جۆری تویوتای هایلندەر بەغدا تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە و ئاگری گرت.
دکتۆر زیاد خەلەف، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو کەس لە نێو ئۆتۆمبێلەکە سووتان، کە ژن و پیاوێکن".
ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کەرکووک کوژێنراوەتەوە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک دەڵێت: "ناسنامەی ژن و پیاوەکە نادیارە؛ چونکە هیچ بەڵگەنامەیەکیان نەدۆزراوەتەوە. تەرمەکانیش رەوانەی دادپزشکی کراون".
دکتۆر زیاد خەلەف، دەڵێت، بە گوێرەی زانیارییە بەراییەکان شوفێرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە پەرژینی رێگە گەشتییەکە و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە سووتاوە.
تیمەکانی بەڵگەی تاوان چوونە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 26-09-2024، لەسەر رێگەی کەرکووک - تکریت، رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی کرێن، تاهۆ و ئەڤەلۆنێک روویدا و بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا.
بە گوێرەی راپۆرتێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە مانگی شەشی ئەم ساڵ بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو 11552 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە و لە ئەنجامدا 3019 کەس گیانیان لەدەستداوە.