لە شاخی باکووری کوردستان وەرزی تەکاندنی گوێز دەستیپێکرد

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شارۆچکەی شاخ-ی سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستاندا وەرزی تەکاندنی بەرهەمی گوێز دەستیپێکردووە.
 
شارۆچکەی شاخ بە بەرهەمە کوالێتییە بەرزەکانی وەک گوێز، هەنگوین و ماسیی جۆری دەقسۆر بەنێوبانگە، بەڵام ئێستا کاتی تەکاندنی گوێزە.
 
ساڵانە لە کۆتاییەکانی ئەیلوول تەکاندنی گوێز لەو شارۆچکەیە دەستپێدەکات.
 
شارۆچکەی شاخ ساڵانە دوو هەزار تۆن گوێزی هەیە. ئەمە لەکاتێکدایە هاونیشتمانییان دەڵێن، ساڵانی پێشوو ئەو بەرهەمە زیاتریش بوو، بەڵام چەند ساڵێکە کەمبووەتەوە.
 
چەتین ئەرتاش کە خاوەن باخی گوێزە لە گوندی ئاکچابووک دەڵێت، هاوشێوەی جاران خزمەتی باخەکانیان ناکەن و ئەو گرنگیدانە نەماوە. تەنیا لە وەرزی بەرهەمدا دەڕۆنە باخەکانیان و دارەکان دادەتەکێنن. هاوکات ئەمە بە یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرهەم دادەنێن. 
 
ئەرتاش هەروەها باس لەوە دەکات کە 20 ساڵ لەمەوبەر 40-50 تەنەکە گوێزی لە باخەکەیدا کۆکردووەتەوە، بەڵام ئێستا لە هەمان باخدا 15-20 تەنەکە کۆدەکاتەوە. 
 
خەدیجە ئەرتاش، هاونیشتمانییەکی دیکەیە دەڵێت، تەکاندنی دارەکان و کۆکردنەوەی گوێز چەندە چێژبەخشە، ئەوەندەش ماندووبوونی لەگەڵە و "کەمێک قورسە، بەڵام لە وەرزی زستاندا چێژی لێ وەردەگرین. گوێزەکە بە توێکڵەوە لێدەکەینەوە و دواتر بۆ ماوەی 4-5 رۆژ وشکی دەکەینەوە. گوێز دەخەینە ناو کێک و شیرینی و دۆناتەوە. لە مانگەکانی زستاندا لەگەڵ چای دەیخۆین".
 
بە گوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری تورکیا، ساڵی 2000 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 116 هەزار تۆن گوێز بەرهەم هاتووە. ساڵی 2010 ژمارەکە 178 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە و ساڵی 2020یش 287 هەزار تۆن بووە. 
 
ساڵی 2023 لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 360 هەزار تۆن گوێز بەرهەم هاتووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە