کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکان داوای جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بە کوردانی ئێزدی دەکات

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، لە چەند ساڵی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ژمارەیەک بڕیار و هەنگاوی باشیان ناوە بۆ نەهێشتنی "کاریگەرییە بەردەوامەکانی ئەو جینۆسایدەی بەرامبەر کەمینە ئایینییەکان" و بەسەر گوند و پارێزگاکانیان هێندرا، بەڵام هەموویان بە رێکوپێکی و گونجاوی جێبەجێ نەکراون.
 
کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینیە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتێکدا بەناوی "ئاستەنگی ئازادییە ئایینییەکان لە عێراق 10 ساڵ دوای جینۆسایدی داعش" دەڵێت، لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر عێراق و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکانی "لە باکووری عێراق کردە ئامانج کە رووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی ماوەدرێژ و چەندین ئاستەنگ لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکانیان بوونەتەوە."
 
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەنگاویان ناوە بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پێکهاتانە. بۆ نموونە، "هەرێمی کوردستان میوانداری سەتان هەزار ئاوارەی رزگاربووی دەستی داعشی کردووە و یارمەتی کچ و ژنانی ئێزدی رفێندراوی داوە بگەڕێنەوە دۆخێکی ئاسایی ژیان."
 
هەر پەیوەندیدار بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، لە تەمموزی ساڵی 2024دا حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆگرامێکی راگەیاند بۆ پێشکێشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ کوردانی ئێزدی و پێدانی یارمەتییەکی دارایی مانگانە بۆ کوردانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش و پڕۆگرامەکەش بە 3 هەزار کچ و ژنی ئێزدی دەستی پێکرد.
 
کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینیە نێودەوڵەتییەکان باس لە رێککەوتنی ساڵی 2020ی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگالیش دەکات.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقەوە هەیە، کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، "حکومەتی عێراق لە ساڵی 2021دا (یاسای رزگاربووانی ئێزدی) پەسندکرد بۆ قەرەبووکردنەوەی ژنانی رزگاربووی ئێزدی، کریستیان، تورکمان و شەبەک کە لە لایەن داعشەوە رووبەڕووی تووندوتیژی سێکسی ببوونەوە؛ هەروەها بۆ قەرەبووکردنەوەی ژمارەیەک لە پیاوانی رزگار بوو."
 
کۆمیسیۆنەکە باس لەوە دەکات، حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی دانی بە مافی خاوەندارێتی زەوی و خانووی سنووری شنگال لە لایەن کوردانی ئێزدییەوە ناوە و بودجەیشی بۆ ژێرخان و پڕۆژە لە سنووری شنگال تەرخانکرد. هەر حکومەتی عێراق لە شوباتی 2024دا پێکهێنانی لیژنەیەکی لە وەزارەتی داد راگەیاند بۆ گوێگرتن لە سکاڵای پێکهاتە ئاینییەکان تایبەت بە پرسی خاوەندارێتی.
 
کۆمیسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادییە ئایینیە نێودەوڵەتییەکان ئەو بڕیار و هەنگاوانە بە گرنگ ناودەبات، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات، سەرەڕای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر "جینۆسایدەکەدا، 7 ساڵ بەسەر ئازادکردنی موسڵ، 5 ساڵ بەسەر وەرگرتنەوەی تەواوی رووبەری دەستی داعش، حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو رێکارانە و رێکارەکانی دیکەی تایبەت بە ساڕێژبوونی برینەکانیان بە گونجاوی جێبەجێ نەکردوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە