نرخی کارەبای موەلیدەی مانگی ئەیلوول لە هەولێر زۆرترین و لە دهۆک کەمترینە

رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئەیلوول لەنێوان 12 بۆ 14 هەزار دینارە و موەلیدەکان رۆژانە تێکڕا 10 کاژێر کاریان کردووە؛ لە دهۆک نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 3 بۆ 10 هەزار دینارە؛ لە سلێمانی لە نێوان حەوت بۆ 7500 هەزار دینارە و لە هەڵەبجە لە نێوان هەشت بۆ نۆ هەزار دینارە. 
 
رۆژی دووشەممە 2-10-2023 قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 12500 بۆ 14000 هەزار دینار بووە؛ گازوایلیش یەک لیتری بە 551 دینار بوو و موەلیدەکان رۆژانە تێکڕا 10 کاژێر کارەبایان بە دانیشتوانی هەولێر داوە. 
 
بە گوتەی بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، نرخی کارەبای موەلیدەی مانگی ئەیلوول بەراورد بە مانگی ئاب دابەزیوە؛ مانگی ئاب نرخ لەنێوان 15 هەزار بۆ 18 هەزار دینار بوو. 
 
هەر ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان لە سلێمانی کۆبووەوە و به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاژێرێک بۆ یه‌ک ئه‌مپێر (44) دیناری دیاریکرد،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ک ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ شاری سلێمانی بۆ مانگی ئەیلوول له‌نێوان حەوت هەزار بۆ 7500 دینارە.
 
کارەبای سلێمانی دەڵێت، هەمان مانگی ساڵی 2022 نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە نێوان 12،250 بۆ 14 هەزار دینار بووە.
 
هاوکات زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی رابردوو لە هەڵەبجە کاژێرەکانی کارەبای موەلیدە لە نێوان 165 بۆ 182 بوو؛ نرخی یەک ئەمپێریش لەنێوان هەشت هەزار بۆ 9500 هەزار دینارە. ئەو نرخە بە فەرمی بڵاونەکراوەتەوە ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ بڵاودەکرێتەوە. 
 
لە پارێزگای دهۆک نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لە نێوان 3 هەزار بۆ 10 هەزار دینارە کە لە قەزای ئامێدی کەمترینە، ئەویش سێ هەزار دینارە؛ جگە لەوێ کەمترین نرخ 6250 دینارە.