رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنفرانسی باشترین دیپلۆمات کە بە بەشداریی نوێنەری 75 وڵات لە دوبەی بەڕێوەچوو، چەند گەنجێکی کورد بەشداربوون و ئاڵای کوردستانیان لەسەر سەکۆی کۆنفرانسەکە بەرزکردەوە. کچە کوردێک کە ئەندامی دەستەی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە بوو بە رووداوی گوت "هەرچەندە وەکو عێراقی تۆمارکراین، بەڵام هەموو چالاکییەکانمان کوردستانی بوون."
رۆژی دووشەممە 02-10-2023 لەنیا جەمال، چالاکڤانی نێودەوڵەتی و ئەندامی دەستەی رێکخەرانی کۆنفرانسی باشترین دیپلۆمات بە رووداوی راگەیاند، هەشت گەنجی کورد لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون، سێ کەسیان ئەندامی دەستەی رێکخەران بوون و پێنجیش بەشداربوو، "لەسەر سەکۆی کۆنفرانسەکە وەکو کورد خۆمان ناساند و ئاڵای کوردستانمان بەرزکردەوە، سروود و گۆرانیی کوردیشمان گوتەوە."
کۆنفرانسی باشترین دیپلۆمات یەکێکە لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن ئەکادیمیایەکی ئەمریکی رێکدەخرێت، ئەم ساڵ 150 بەشداربوو لە 75 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کرد.
لەنیا جەمال گوتی، "هەرچەندە وەکو عێراقی لە کۆنفرانسەکە تۆمارکراین، بەڵام چالاکییەکانمان هەموویان کوردی بوون، گۆرانیی کوردیمان لێدا و ئاڵای کوردستانمان هەڵکرد و گوتمان دەمانەوێ وەکو کوردستان بەشداربین، لەو کۆنفرانسەدا هەمیشە هەوڵی لۆبی بۆ کوردستان دەدەین."
ئەو کچە چالاکڤانە کوردە دەڵێت "بۆ یەکەم جار وەکو کورد و وەکو تیمی رێکخەری کۆنفرانسێکی گەورەی نێودەوڵەتی بەشداربووین، ئەم متمانە نێودەوڵەتییە یەکێکە لە دەستکەوتە مەزنەکانی کاری دیبلۆماتکاری ئێمە وەکو گەنجی کورد."
کۆنفرانسی باشترین دیپلۆمات هەر ساڵە و لە وڵاتێک بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسی ئەم ساڵ لە 22 بۆ 25ی ئەیلوول لە دوبەی بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ