رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەی ستراتیژیدا، ئاوی خواردنەوە بۆ 60 گوندی سنووری قەزاکە رادەکێشن.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-10-2023 غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گوندانەی لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە ئاویان بۆ رادەکێشرێت زۆربەیان دەکەونە سنووری ناحیەی بارزان و ئاوەکە لە رووباری باڵنداوە رادەکێشرێت.
یەکێک لە هۆکارەکان کە وایکردووە ئەو گوندانە پێویستیان بە راکێشانی بۆریی ئاو بێت، کاریگەرییەکانی وشکەساڵییە. غەفوور ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر ئەو گوندانە، پشتیان بە ئاوی بیر و کانیاوەکان دەبەست کە ئێستا زۆربەیان وشکیان کردووە، بۆیە بە تانکەر ئاویان بۆ دابین دەکەین."
مێرگەسۆر یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای ھەولێر، کە ناوەندەکەی شارۆچکەی مێرگەسۆرە و لە ناحیەکانی بلێ، گۆڕەتوو، بارزان، مەزنێ، پیران و شێروان مەزن و 67 گوند پێکدێت.
قایمقامی مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا پڕۆژەکە لە جێبەجێکردندایە و چاوەڕێن لە داهاتوویەکی نزیکدا تەواوبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ