گواستنەوەی هەولێر: هەر تەکسییەک لۆگۆی نەبێت، سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 29 هەزار تەکسی لەپارێزگای هەولێر لۆگۆی تایبەتیان لێدراوە و دەشڵێت، هەر تەکسییەک لۆگۆی نەبێت، هەرکاتێک ئەفسەری هاتووچۆ بیبینێت، بەبڕی 40 هەزار دینار سزای دەدات.
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو گوتی ، نزیکەی سێ ساڵ و نیوە پرۆژەی رێکخستنەوە و دانانی لۆگۆ بۆ تەکسییەکان بەهاوئاهەنگیی نێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆ دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
بەگوتەی ئەندازیار عەبدولخالق عەلی، دانانی لۆگۆ بۆ رێکخستنەوەی کاری تەکسییە لە هەرێمی کوردستان و سنووری کارکردنی هەموو تەکسییەکان دیاریکراوە "بەشێوەیەک هەر تەکسییەک لۆگۆی ناوشاری هەبێت و سەرنشین بباتە دەرەوەی شار یان لۆگۆی دەرەوەی شاری هەبێت و لەناو شار کار بکات ئەفسەرانی هاتووچۆ دەسەڵاتی سزادان و نوسینی سەرپێچییان بۆ ئۆتۆمبێلەکان هەیە."
ئاماژەی بەوەشكرد، وەکو بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی پارێزگای هەولێر چەند جارێک نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بۆ ئەوەی لێپێچینەوە لەو ئۆتۆمبێلانە بکەن کە رێنماییەکان پێشێل دەکەن.
لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک رەنگی تایبەت بە لۆگۆی ئەو تەکسییانە دیاریکراوە کە لە نێو شاردا کاری تەکسی دەکەن بەشێوەیەک، بۆ پارێزگای هەولێر، لۆگۆی رەنگی سوور؛ سلێمانی، لۆگۆی رەنگی شین و دهۆک، لۆگۆی رەنگی رەش، بەڵام تاوەکو ئێستا رەنگی لۆگۆی هەڵەبجە دیاری نەکراوە.
هەروەها هەموو هێڵەکانی دەرەوەی شار، یەک رەنگن کە قاوەییە، بەڵام هەر پارێزگایەک یەکەم پیتی ناوی پارێزگاکە پیتی لەسەر لۆگۆکە نوسراوە بۆ نموونە (دهۆکD)، (سلێمانیS)، (هەولێرE).
بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە پرۆسەی دانانی لۆگۆ بۆ تەکسی، رێکارێکی ورد پەیڕەو دەکرێت بەشێوەیەک هەموو زانیارییەکانی پەیوەست بە شۆفێری تاکسییەکە تۆمار دەکرێت و هەموو زانیارییەکانی خاوەن و شۆفێری تاکسییەکە لای بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە هەیە.
چەند هاونیشتمانییەک پەیوەندییان بە رووداوەوە کرد، گلەیی ئەوە دەکەن، دەڵێن، ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەیان ژمارەی دهۆک یان سلێمانی بێت لە هەولێر لۆگۆی تەکسییان بەناو ناکرێت.
ئەندازیار عەبدولخالق عەلی لەسەر گلەیی ئەو هاونیشتمانییانە دەڵێت، بەگوێرەی ئەو رێنماییانەی بۆ لۆگۆی تەکسی دانراوە، دەبێت هەر ئۆتۆمبێلێک کە کاری تەکسی بکات، دەبێت تابلۆکەیشی هەمان پارێزگابێت و هەروەها دەبێت کارتی زانیاری کەسەکە هەمان پارێزگابێت.
لەبارەی ژمارەی ئەو تەکسییانەی تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر لۆگۆیان بۆ کراوە، بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "تاوەکو ئێستا لەسنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی 29 هەزار تەکسی لۆگۆیان کردووە (تەکسی ناوشار و هێڵەکانی دەرەوە) نزیکەی 27 هەزاریان ناوشارن."
گوتیشی، "پرۆژەکە زیاتر لە سێ ساڵە دەستی پێکردووە، چەند جارێک وادەکە درێژکرایەوە، دوایین وادە بۆ لۆگۆکردنی تەکسی 15ـی تەممووزی 2023 بوو، ئێستا هەر تەکسییەک لۆگۆی نەکردبێت، ئەفسەری هاتووچۆ بۆی هەیە 40 هەزار دینار سزای بۆ بنوسێت."
بەڕێوەبەری گواستنەوەی هەولێر دەشڵێت، بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار کەمتر بێت لۆگۆی تەکسیی بۆ دەکرێت.