بۆ مانگی ئەیلوول؛ بەرزترین نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێرە و نزمترین لە سلێمانی

02-10-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر زۆرترین کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان کە 285 کاژێرە، لە سلێمانی کەمترینە کە 190 بۆ 210 کاژێرە؛ لە دهۆک 220 کاژێر و لە هەڵەبجەش 220 بۆ 260 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان؛ بەرزترین نرخی ئەمپێری موەلیدە 18 هەزار و 250 دینارە لە هەولێر و نزمترینیش لە سلێمانییە کە 12 هەزار و 500 دینارە.
 
لە هەولێر بە تێكڕا 285 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوە بە هاونیشتمانییان؛ رۆژی یەکشەممە 2-10-2022، قارەمان مەولوود، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لەنێوان گەڕەکەکاندا بەگوێرەی کاژێرەکانی کارەبا جیاوازە؛ نرخەکەش لە 16 هەزار و 250 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 18 هەزار و 250 دینار." 
 
قارەمان مەولوود ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیاریان لە گۆڕانکاری لە خشتەی پێدانی کارەبای موەلیدە نەداوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بەگوێرەی پێویست بڕیاری لێدەدەن.
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، موەلیدە ئەهلییەکان لە 190 بۆ 210 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان و بەگوێرەی ئەوەش نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 12 هەزار و 500 دینار بۆ 13 هەزار و 500 دینارە.
 
لە سلێمانی خشتەی کارکردنی موەلیدەکان گۆڕدراوە و بەمشێوەیەیە: موەلیدە لە کاژێر 12:00 نیوەڕۆ بۆ 01:00 شەو کاردەکەن و دواتر ئەگەر کارەبای نیشتمانیش نەبوو موەلیدە کارناکات تاوەکو بەیانیان کاژێر 06:30 بۆ 08:00ی بەیانی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بە موەلیدە دەکرێت. 
 
بەشێکی هاونیشتمانییانی شاری سلێمانی نیگەرانییان دەربڕیوە لەوەی لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا دوای کاژێر 01:00ی شەو موەلیدەش نابێت و لەکاتێکدا وەرزی گەرما تەواو نەبووە، لە وەڵامدا نیگەرانییەکاندا سیروان محەممەد گوتی: "لیژنەکە لە قایمقامییەت کۆبوونەتەوە و ئەو بڕیارەیان داوە؛ خەڵکێکی زۆریش دەڵێن بە رۆژ لە دەوام یان کارن و موەلیدەیان ناوێت؛ شەوانیش دۆخی کارەبای نیشتمانی باشە." 
 
لە پارێزگای دهۆک 220 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانییان، نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لە 15 هەزار بۆ 15 هەزار و 250 دینار بووە.
 
هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەنتەری دهۆک و زاخۆ نرخی ئەمپێرێک موەلیدە 15 هەزار دینار بووە؛ بەڵام لە قەزای سێمێل 15 هەزار و 250 دینار بووە.
 
لە هەڵەبجە 220 بۆ 260 کاژێر کارەبای نیشتمانی دراوەتە هاونیشتمانییان، پێشەوا حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوان 14 هەزار و 750 دینار بۆ 17 هەزار دینار بووە.
 
پێشەوا حەیدەر ئاماژەی بەوەش کرد، لە پێدانی خشتەی کارەبای موەلیدەدا بۆ مانگی 10 تائێستا هیچ بڕیارێکیان نەداوە؛ گوتیشی: "دواتر بڕیاری لەسەر دەدەین؛ گرفتەکە ئەوەیە تائێستاش هاونیشتمانییان بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە پێویستیان بە ئامێرەکانی فێنککەرەوە هەیە و 24 کاژێر کارەبایان دەوێت." 
 
لە کەرکووک نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لە 15 هەزارەوە دەستپێدەکات و دەگاتە 16 هەزار و 500 دینار، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەندیکای موەلیدەکانی کەرکووک وەریگرتووە، ئەو ناوچانەی نرخی ئەمپێر گەیشتووەتە 16 هەزار و 500 دینار، لە کۆبوونەوەیەکی پارێزگادا بڕیاردراوە 2 هەزار و 500 دیناریان لێ کەمبکرێتەوە و 14 هەزار وەربگیرێت؛ بۆ مانگی داهاتوو هاونیشتمانییان دەبێت 2500 دینارەکە بدەنەوە.
 
خشتەی پێدانی کارەبای موەلیدە لە کەرکووک گۆڕانکاری تێداکراوە؛ بۆ ئەم مانگە لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کاژێر 06:00ی بەیانی بۆ 08:00 موەلیدە کاردەکات، 12:00ی نیوەڕۆ بۆ 03:00ی پاشنیوەڕۆ و 05:00ی ئێوارە بۆ 12:00ی شەو کاردەکەن؛ جگە لەو کاتانە لە کاتەکانی دیکەدا لەنەبوونی کارەبای نیشتمانیش شارەکە بێ کارەبا دەبێت.
 
مانگی رابردوو لە هەولێر نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە نێوان 18 بۆ 21 هەزار دینار، لە سلێمانی لەنێوان 18 هه‌زار بۆ 19 هه‌زار و 750 دینار و لە دهۆکیش 18 هەزار دینار بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.