رووداو دیجیتاڵ
وشکەساڵی و کەمئاوی زۆرترین کێشەیان تووشی جووتیاران کردووە، خەسرەو یەکێکە لە جووتیارەکانی شارەزوور کە دەڵێت، "بەبیرمدا نایە کەمئاوی وا هەبوو بێت"، پێشتر بیرەئاوییەکان لە سنووری ئەوان بە حەوت مەتر دەگەیشتنە ئاو، بەڵام ئێستا بە دوو هێندەیش پێی ناگەن.
خەسرەو جاف، جووتیارێکە و دەڵێت، "ئێرە چەمێکی ئاو بوو کە نزیکەی سەدەیەکە ئاوی تێدا بووە و 200 دۆنم زەوی کشتوکاڵی لەبەر کراوە لە مەرەز و گەنم جۆ، بەڵام مانگی حەوتی ئەمساڵ هەمووی وشکی کرد."
کێشەی جووتیاران و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی کەمئاوی و وشکەساڵی مەترسی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی کۆمار بەناونیشانی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق پێشبینی و مەترسییەکان گفتوگۆی لەسەر کرا.
رۆژی یەکشەممە 02-10-2022 کۆنفرانسەکە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو و بەبەشداری وەزیرانی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق یەکەم رۆژی بەڕێوەچوو، کە تێیدا 66 توێژینەوە وەرگیراون بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی عێراق کێشە و چارەسەرەکان گەنگەشەیان لەسەر کرا.
د. ئاکۆ رەشید، رێکخەری پڕۆژەکە دەڵێت، "هەستمان بە مەترسی کرد، دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیە بڕیاری ئەم کۆنفرانسەمان داوە توێژینەوەی شارەزایانمان وەرگرتووە بۆ ئەوەی وردەکاریی کێشەکان بدۆزینەوە گەر وانەکەین لە چەند ساڵی
داهاتوودا عێراق دووچاری کێشەی گەورە دەبێتەوە."
کێشەی ئاو لە عێراق دابەشکراوە بەسەر دوو جەمسەردا ئەوانیش سەرچاوە ناوخۆییەکان و سەرچاوە دەرەکییەکانی ئاوە کە هەرێمی کوردستان لە ٪60 ئاو لە دەرەوەی سنوورەکانی بۆی دێت، چەند ساڵێکە بەهۆی گلدانەوەی لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە گرفتی بۆ دروست دەبێت و لە ٪40یشی سەرچاوەی ناوخۆی کانیاو و کارێز و بارانەوە کە ئەویش بەهۆی وشکەساڵییەوە کەمی کردووە.
سەرمەند لەتیف، مامۆستای زانکۆی کۆمار دەڵێت، "بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهان، لە ٪26ـی جیهان بێ ئاوە لە چەند ساڵی داهاتوودا رێژەکە دەبێتە 50٪".
د. هێمن نەسرەدین، مامۆستای زانکۆی گەرمیان دەڵێت، "ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە هەرێمی کوردستان، بەفیڕۆدەچێت، چونکە بەنداوی پێویست نییە بۆ گلدانەوەیان."
پلانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق وەک کە لە کۆنفرانسەکە ئاماژەیان پێدا دروستکردنی بەنداوی زیاترە بۆ گلەدانەوەی ئاوی نێوخۆی ئەگەرنا لەوەیش دڵنیان کە رۆژێک وڵاتە دراوسێکانیان بەیەکجاری ئاوەکانیان دەگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ