کامیل حاجی عەلی خۆی وەکو رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەناسێنێت

02-10-2022
سیروان عەباس
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی کامیل حاجی عەلی
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی کامیل حاجی عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای هەشت مانگ، لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی ناساند و ئاڵای حیزبەکەی رادەست کرد. بەرپرسێکی باڵای حیزبەکەش دەڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ عیرفان عەبدولعەزیز هێشتا رابەری بزووتنەوەیە و یاساش پشتگیریی دەکات.
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 02-10-2022 ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: کۆنگرەکە ئامانجەکەی بەدی نەهێناوە، بۆیە دوایین کۆنگرە بۆ هەڵبژاردنی رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە هەڵوەشاوە لە قەڵەم دەدەن. هەروەها بۆ دروستنەبوونی بۆشایی سیاسی، یاسایی و شەرعی لە حیزبەکە، کامیل حاجی عەلی وەکو رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەستنیشان دەکەن.
 
رۆژی 05-02-2022 دوانزەیەم کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تەنیا کامیل حاجی عەلی خۆی بۆ پۆستی رابەری گشتی بەربژێر کرد بوو. دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، کامیلی حاجی عەلی نەیتوانی 50+1ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، بەوەش نەیتوانی ببێتە رابەری نوێی بزووتنەوەکە و، تەنیا 265 دەنگی بەدەستهێنا. دواتر هەرچەندە عیرفان عەبدولعەزیز خۆی بەربژێر نەکردبوو، بەڵام زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرە رایان سپارد جارێکی دیکە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆی خۆی.
 
ئەحسەن حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی عیرفان عەبدولعەزیز دوای کۆنگرەکە رایگەیاند: "مانگێک بەر لە کۆنگرە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا، کە ئەگەر هەر کەسێک خۆی بەربژێر بکات بۆ رابەری حیزب، ئەگەر رکابەری نەبێت، دەبێ 50+1ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بەدەستبهێنێت، ئەگەر ئەو رێژەیە بەدەستنەهێنێت، ئەوا خۆکارانە رابەری پێشوو هەمان پۆست وەردەگرێتەوە، ئەم بڕیارەش کۆنگرە داویەتی".
 
ناسیح مەجید دەشڵێت، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە نایاسایی و بەدەر لە پەیڕەوی ناوخۆی حیزب خۆی وەکو رابەر "سەپاندووە". 
 
هاوکات حیزبێکی دیکەی ئیسلامیش کە پێشتر سەرۆکەکەی لە بزووتنەوە جیاببووەوە، گەڕانەوەی خۆی و حیزبەکەی بۆ ناو بزووتنەوەی ئیسلامی راگەیاند.
 
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان گوتی: عیرفان عەبدولعەزیز ناتوانێ خۆی بکاتە رابەر لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەم؛ ئەو پێشتر بۆ ماوەی پێنج مانگ دەستی لە رابەرایەتی کێشاوەتەوە. دووەم؛ بەبێ هیچ بڕیارێک خۆی سەپاندووە بەسەر ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامیدا. سێیەم؛ بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی کەس بۆی نییە لە دوو خول زیاتر خۆی بەربژێر بکات. چوارەم؛ خۆبەربژێرکردن لە دەرەوەی هۆڵە، بەڵام ئەو لە هۆڵی کۆنگرە خۆی بەربژێر کردووە و خۆی سەپاندووە.
 
لە دوایین کۆنگرەی حیزبەکە 277 ئەندام دەنگیان بە كامیل حاجی عەلی نەدا، بەو شێوەیەش عیرفان عەبدولعەزیز بۆ ساڵی نۆیەم و بۆ جاری سێیەم بووەوە بە رابەری گشتیی بزووتنەوەکە، ئەگەرچی خۆیشی بەربژێر نەکردبوو.
 
رۆژێک دوای کۆنگرەکە، کامیل حاجی عەلی، بەربژێری بێ رکابەر و دەرنەچووی رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی بە رووداوی راگەیاند: "دەرچوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز، لە کۆنگرەدا، کارێکی تەواو نایاساییە و لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبدایە، بۆ ئەو مەبەستەش سکاڵای یاساییم لە دژی ئەنجامی کۆنگرەکە لەلای لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر تۆمار کردووە".
 
محەممەد بازیانی گەڕایەوە ناو بزووتنەوەی ئیسلامی
 
محەممەد نووری بازیان، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کە ساڵانێکە دەستی لەو حیزبە کێشاوەتەوە و خۆی حیزبێکی بە ناوی "بزاڤی چاکسازی و گەشە" راگەیاندووە، یەکگرتنی حیزبەکەی لەگەڵ ئەو گرووپەی بزووتنەوەی ئیسلامی کە حاجی کامیل رابەرایەتی دەکات، راگەیاند.
 
محەممەد بازیانی گوتی: "لە ئەمڕۆوە بڕیارماندا لەناو بزووتنەوەی ئیسلامیدا بە برا گەورەیی کاک حاجی کامیل دەست بە کار بکەین و لە ئەمڕۆوە من وەکو ئەندامێکی بزووتنەوەی ئیسلامی کار دەکەم."
 
ئاڵای بزووتنەوەی ئیسلامی رادەستی کامیل حاجی عەلی کرا
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ناسیح مەجید، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، کامیل حاجی عەلیی وەکو رابەری شەرعی و یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامی ناساند و ئاڵای حیزبەکەیی رادەست کرد.
 
دوای وەرگرتنی ئاڵاکە، کامیل حاجی عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەپێناو تەبایی و یەکڕیزی و یەکخستنەوەی ریزەکانی ناو بزووتنەوە، "زۆر ئاراممان گرت و لێبووردە بووین"، بەڵام سوودی نەبوو.
 
کامیل حاجی عەلی گوتی: هەشت مانگ بەسەر کۆنگرەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دانی بە عیرفان عەبدولعەزیز نەناوە وەکو رابەری حیزبەکە، "دوای ئەو هەموو هەوڵە لەگەڵیاندا بۆ گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف، بەداخەوە بێمتمانەییان بۆ چاکسازیی گەیاندینیە بنبەست و، ناچارکراین بێدەنگی بشکێنین".
 
کامیل حاجی عەلی هیوای خواست، ئەم "فەوزا"یە کۆتایی بێت و گوتی: "یادتان دەخەینەوە چیدیکە بەشداری لەو ستەم و ناداد و گەندەڵی و سووکایەتیکردنە بە پەیڕەوی بزووتنەوە نابین" و گوتیشی، "وایان لێکردین کە بڕیاربدەین کاری پێکەوەیی سیاسی و ئیداری لەگەڵ کەسانی وەکو بەڕێز کاک حاجی عیرفان عەبدولعەزیز نەکەین و بۆمان یەکلایی بووەتەوە کە نایەوێ ملکەچی حەق و دادپەروەریی ببێت، بۆیە بە واجبی دەزانین و ئەرکی ئیمانییەکەمان ئەنجام بدەین و بە فەرمان بە چاکە و رێگریی لە خراپە". 
 
کامیل حاجی عەلی جەختی لەوە کردەوە، "بەڕێز حاجی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، بەدەر لە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوە و کۆنگرە، بە خۆسەپاندن بەناوی رابەری بزووتنەوەوە رەفتار دەکات. چەند جار داوای لێکراوە، بەڵام رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری پۆستەکە بێت و دەڵێی، 'دادگە بڕیاریداوە من رابەر بم' ".
 
بەرپرسێکی بزووتنەوە: پەیڕە و یاسا پشتگیری لە عیرفان عەبدولعەزیز دەکەن
 
رووداو پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامییەوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستیان بزانێت لەبارەی ئەو گرووپەی بە رابەرایەتی کامیل حاجی عەلی جیابوونەتەوە و خۆیان بە بزووتنەوەی ئیسلامی ناساندووە، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون بە ناوی خۆیانەوە قسە بکەن.
 
بەرپرسێکی باڵای حیزبەکە بە رووداوی گوت: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حیزب و بەپێی یاسا کە لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیاریداوە، عیرفان عەبدولعەزیز رابەری شەرعی و یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە و یاساش پشتگیریی دەکات".
 
کۆنگرەی 12ی بزووتنەوەی ئیسلامی
 
دوای کۆنگرەی 12ـی حیزبەکە و بەدەستنەهێنانی دەنگی 50+1ـی دەنگەکان، کامیل حاجی عەلی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆنگرەدا پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورای پێدراوە، کە هەمان دەسەڵاتی پۆستەکەی پێشوویەتی کە بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بوو "من هیچ پۆستێکم قبووڵ نییە و دەبێ بە یاسا بیسەلمێنم کە ئەو کارە نایاساییە".
 
هەر ئەوکات بەرپرسی نووسینگەی عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بوونەوەی عیرفان عەبدولعەزیز بە رابەر، کۆتاییهاتووە و کۆنگرە بڕیاری لێداوە.
 
ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە رابەرایەتی عیرفان عەبدولعەزیز، بەردەوامە لە کاری سیاسی و حیزبی خۆی و گرووپێکی جیابووەوەش لەو حیزبە بە سەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی خۆیان وەکو بزووتنەوەی ئیسلامی ناساندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.