دادوەرێک لە هەولێر پسووڵەی زێڕنگر دەکاتە مەرجی راییکردنی مامەڵەی گرێبەستی هاوسەرگیری


رووداو دیجیتاڵ

لە دادگەی باری کەسی دەشتیی هەولێر دادوەرێک پسووڵەی زێڕنگر دەکاتە مەرج بۆ راییکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری، پارێزەرێکیش دەڵێت: "بەشێک لە زاواکان بەڵێنی کڕینی زێڕ بە هاوژینەکانیان دەدەن لە دەرەوەی دادگە و کچەکان رازی دەکەن لە پێش دادگە بڵێن کڕیویانە، بەڵام دواتر بۆیان نەدەکڕین، ئەمە کێشەی زۆری لێدروست دەبوو." 
 
دادوەرەکە لە ئاگادارینامەیەکدا کە لەسەر دیواری دادگەکە هەڵوسراوە، نووسیویەتی: "هەر گرێبەستێکی هاوسەرگیری پسووڵەی زێڕنگری پێ نەبێت گرێبەستەکەی بۆ ئەنجام نادرێت." ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
 
رۆژی یەکشەممە، 2-10-2022، پارێزەر رێکان ساڵەیی، لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشێک لەوانەی بۆ گرێبەستی هاوسەرگیریی سەردانی دادگەیان دەکرد، هاوژینەکەیان رازی دەکرد لە بەردەم دادوەر بڵێت زێڕی بۆ کڕدراوە، لە کاتێکدا بۆی نەکڕدرابوو، بەڵام بەشێکیان بەڵێنەکەیان نەدەبردە سەر و زێڕیان بۆ کچەکە نەدەکڕی. ئەمەش بەتایبەت لە کاتی جیابوونەوە کێشەی لێ دروست دەبوو و کچەکە دەیگوت لەژێر گوشاردا گوتوویەتی زێڕی بۆ کراوە، بۆیە جەنابی دادوەر لەبەر ئەم کێشانە ئەو بڕیارەی داوە."
 
بە گوتەی ئەو پارێزەرە لە یاسادا مەرجی لەو جۆرە نییە. دەشڵێت: "بەڵام کێشەی دیکەش هەیە بۆ نموونە ئافرەت هەیە داوای زێڕ ناکەن و مارەییەکەی تەنیا قورئانێکە، ئیدی پسووڵەی زێڕنگر چۆن بهێنن."
 
لەبارەی بڕیارەکەوە دادوەر سەلیم حەمۆ دیاب، جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نازانم ئەو بڕیارە لە کوێ دراوە، بەڵام نەکراوەتە مەرج پسووڵەی زێڕنگر لەگەڵ گرێبەستی هاوسەرگیری هەبێت، ئەوە ناشبێت هەبێت، چونکە لە یاسادا نییە."