بارۆی ئامەد: فەرماندەی جەندرمەی ئافیۆن هێرشی زارەکیی کردووەتە سەر یانەی ئامەدسپۆر

 
رووداو دیجیتاڵ

بارۆی ئامەد (سەندیكای پارێزەران) سكاڵای لەسەر یەڵماز كرگەل، فەرماندەی جەندرمەی پارێزگای ئافیۆنی تورکیا تۆمار كرد، کە بەر لە دەستپێکردنی یارییەكەی ئامەدسپۆر و ئافیۆنسپۆر لە لێدوانێکدا یانە کوردییەکەی کردبووە ئامانج. بارۆی ئامەد دەڵێت،  فەرماندەکە هێرشی زارەکیی کردووەتە سەر یانەکە.
 
ئێوارەی رۆژی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022 لە شاری ئافیۆن یانەی ئامەدسپۆر و ئافیۆنسپۆر لە یارییەکانی خولی پلە دووی تورکیادا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە کە بە ئەنجامی 1 - 1 کۆتاییهات.
 
بەرلە دەستپێکردنی یارییەکە، فەرماندەی جەندرمەی ئافیۆن سەردانی یاریزانانی ئافیۆنسپۆری کرد و پێی گوتن، "دڵمان لەگەڵ ئێوەیە. کاری ئێوە یاریی تۆپی پێیە. بە باشی یاری بکەن. ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئێمەی جێبهێڵن. بەڕاستی ئافیۆن پێویستی بە بردنەوەی ئێوەیە، بەتایبەت دوای ئەو کردەوە تیرۆریستیەی لە مێرسین ئەزموونمان کرد، ئەوەی لە دڵمدایە دەیڵێم، ئەگەر 5 - سفر لێیان ببەنەوە لێرەوە دەیاننێرینەوە."
 
ئەو گوتانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بارۆی ئامەد سكاڵای لەسەر فەرماندەی جەندرمەی پارێزگای ئافیۆن تۆمار كرد و رایگەیاند، "هێرشی زارەکی بۆسەر یانەی ئامەدسپۆر هاندانی راشکاوانەیە بۆ رق و دووژمنایەتی. لە چوارچێوەی ماددەی 216ی سزای تورکیا سکاڵا لە دژی ئەو کەسە تۆمار کراوە کە لێدوانی داوە."
 
یانەی ئامەدسپۆر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، "کێ رەگەزپەرستە، چیدیکە سیاسەت لەسەر ئامەدسپۆر مەکەن."
 
عەبدولڕەحمان کورت، ئەندامی ناوەندی بڕیار و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاکپارتی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر لە بەرامبەر گوتەکانی فەرماندەی جەندرمەی ئافیۆن، نووسیویەتی، "لە هەر کوێیەک سەیر بکەیت، ناتەبایی، لە هەر شوێنێک سەیر بکەیت.. هیوادارم ئەم هاوڕێیە گوێی لەو قسانەی خۆی بێت کە دەیانکات."
 
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا، "ناتوانرێت تیرۆر بە هیچکام لە شار و یانەکانمانەوە ببەسترێتەوە. بەئامانجگرتنی ئامەدسپۆر لەلایەن بەرپرسێکەوە کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ئاسایشی گشتی، ئیستفزازییە. پیرۆزبایی لە یاریزانانی هەردوو هەڵبژاردە و هاوشاریانی ئافیۆن دەکەم، کە بەبێ هیچ ئیستفزازێک یارییەکەیان تەواو کرد."
 
کاژێر 22:54 خولەکی شەوی 26ی ئەیلوولی 2022، دوو ژن هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارۆچکەی مەزیتلی سەر بە پارێزگای مەرسین. لە هێرشەکەدا پۆلیسێک کوژرا و پۆلیسێکی دیکە لەگەڵ سێ کەسی سڤیل بریندار بوون.
 
هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە رۆژی پێنجشەممە 29ی ئەیلوول بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەکەی لەئەستۆگرت و رایگەیاند، هێرشەکە خۆکوژی بووە و لەلایەن دوو ژن بە ناوەکانی سار و روکەن ئەنجامدراوە و گوتیشی، وەڵامێک بووە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیا دژی گەریلاکانیان و کۆمەڵکوژییەکانی نێو زیندانەکان.