گۆڕان بۆ عەلی باپیر: شەرمەزاری ئەوەیە بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی

02-10-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی پارتەکەی باسی "هەڵوەرینی" وەزیر و پەرلەمانتارەکانی گۆڕانی کرد، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان وەڵامی دەداتەوە و بە "پارتێکی ئیسلامی ھەڵوەریو" لە بزووتنەوەی ئیسلامی ناوی دەبات و دەڵێت، "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی!"
 
رۆژی هەینی 01-10-2021 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری لە بانگەشەی حیزبەکەی لە رانیە رایگەیاند، "جارێک لەگەڵ یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەی کە کاتی خۆی پێکەوە ئۆپۆزیسیۆن بووین، دانیشتبووین. باسم کرد، ئەرێ فڵان وەزیرتان هەڵوەری و فڵان پەرلەمانتارتان هەڵوەری و فڵان کەسەتان وایکرد و.. ئەرێ تەکبیرێک ناکەن لە خەڵکەکەتان؟ ئێمەشتان ئیحراج کردووە."
 
دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەوانیی بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی شەممە 2-10-2021 لە وەڵامی ئەو قسانەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی راگەیێندراوێکی لە فەیسبووکی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت: "پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزووتنەوەی ئیسلامی)، کە بە ئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزیسیۆن. لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزووتنەوەی گۆڕان دەدەن".
 
رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئێمە ھێزێکی سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بووین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی لایەنی دیکە و گۆڕان گەورەبوون و ئێستاش باسی شەرمەزاری دەکەن".
 
کۆمەڵ لە چوارەم کۆنگرەی حیزبەکەی لە مانگی شووباتی ئەمساڵ ناوەکەی لە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانەوە بۆ کۆمەڵی دادگەری کوردستان گۆڕی و پۆستی ئەمیری کۆمەڵیشی کردە سەرۆکی کۆمەڵ. لەو بارەوە دلێر عەبدولخالق لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگە لە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!".
 
لە وەڵامی ئەوەی عەلی باپیر گوتبووی ئەندامەکانیان ئیمانیان هەبێت دەستەمۆی پارە نابن، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "کەواتە ئەوە «ئیمان» نییە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوەندیی خزمایەتی و حساب نەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەموو ئەوانەی دیکە کە لە دەورتان کۆبوونەوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە