رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی لە شێخان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانی دەکات.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە شێخان رایگەیاند: بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 02-10-2021، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی لە شێخان دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانی بکات و بڕیارە نێچیرڤان بارزانی گوتارێک پێشکەش بکات.
پارێزگای دهۆک سێ بازنەی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت کە 30 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 11 کورسیی پارێزگاکە دەکەن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
بازنەی سێیەمی پارێزگای دهۆک شێخان و ئاکرێ و بەردەڕەش لەخۆی دەگرێت، 7 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 4 کورسیی بازنەکە دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بازنەیە 4 بەربژێری هەیە و چاوی لەوەیە هەر چوار کورسییەکە بەدەست بهێنێت. هەر لەو بازنەیە هاوپەیمانی کوردستان و نەوەی نوێ و حیزبی سۆسیالیست هەریەکەیان بەربژێرێکیان هەیە.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەوامیی بانگەشەی پارتی بۆ سەرخستنی بەربژێرەکانیان نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ