عەبدوللەتیف ئەحمەد دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی: تفەنگ بە تاریکییەوە مەنێن


رووداو دیجیتاڵ 

عەبدوللـەتیف ئەحمەد، دوای ئەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە مەبەستی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی و بەرپرسانی دیکەش "خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە" و دەڵێت، "تکایە تفەنگ بە تاریکییەوە مەنێن."
 
لە روونکردنەوەکەی عەبدوللـەتیف ئەحمەد، کە بە عەبدوللەتیف سەلەفی ناسراوە هاتووە، تکایە "گومانی خراپ مەبەن و خۆتان گوناهبار مەکەن، دڵنیابن نە پارتی پێویستی بە من هەیە بۆ هەڵبژاردن، نە یەکێتی و نە مامۆستا غەریبی برایشم."
 
عەبدوللـەتیف ئەحمەد کە بانگخوازێکی دیاری کوردستانە دەشڵێت، پێشتر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی و عیرفان عەبدولعەزیز، سەرۆکی بزووتنەوە دانیشتن و کۆبوونەوەی کردووە. دەڵێت، بڕۆن لێیان بپرسن کە "پەیامی من بۆیان چی بووە و داواکاریی من لەوان چی بووە."
 
روونکردنەوەکەی عەبدوللەتیف ئەحمەد دوای ئەوە دێت لە سۆشیاڵمیدیا رووبەڕووی رەخنە بووەوە و بەشێک لە بەکارهێنەران باسیان لەوە کردووە کە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و پاڵپشتیکردنی پارتییەوە هەبووە. 

 

بەشێک لە کاردانەوەکان لە کۆمێنتی ئەم پۆستەی رووداو ببینن: 

 

  

 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە بووە، بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا د.عەبدولـلەتیف ئەحمەد، "کۆمەڵێک پێشنیاری بە سوودی بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە" خستووەتەڕوو. ئەو بانگخوازە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک دەڵێت، بە مەسرور بارزانی گوتووە کە: 
 
- پێویستە زیاتر گرنگی بدرێت بە پاراستنی ئایین و رەوشتى خەڵک سەرەڕاى پاراستنی خوێن و ماڵیشیان
 
- پێویستە لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین بە یەک چاو سەیر بکەیت و دادپەروەربیت لەنێوانیان
 
- پێویستە کارێک بکەن بۆ ئەوەى نەوەی نوێی میللـەتمان بەرەو بێ دینى و نەفامى نەڕوات
 
لە راگەیێندراوی حکومەتیشدا هاتووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێویستی زانیوە "زانایانی ئایینی، رۆڵی ئەرێنیی خۆیان، لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبووردەیی و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن."