زەحمەتکێشان و سۆسیالیست: لە هەرێمی کوردستان هیچ پێشێلکارییەکمان بەرامبەر نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی هەردوو حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنن، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیان لە هەرێمی کوردستان هیچ پێشێلکارییەکیان بەرامبەر نەکراوە. 
 
بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی هەڵمەتی هەڵبژاردنی زەحمەتکێشانی کورستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان هیچ پێشلکارییەکیان بەرامبەر نەکراوە و بانگەشەی خۆیان بەڕێوەدەبەن. گوتیشی: "بەڵام لە بازنەی یەکی کەرکووک پۆستەری بەربژێرەکەمان دەدڕێندرێت."
 
حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە چوار بەربژێر بەشداریی رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن. بێکەس قادر دەڵێت، ناهاوسەنگی لە توانای بانگەشەکاندا هەیە و ئەوان ناتوانن وەک پێویست بانگەشەکانیان بکەن و توانای ماددییان سنووردارە. 
 
هەروەها، سۆران حەسەن، جێگری بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هەموو ئەو بازنانەی ئەوان بەربژێریان هەیە کە 20 بەربژێرن و هیچ پێشێلکارییەکیان بەرامبەر نەکراوە. گوتیشی: "بە ئارامی هەڵمەتی بانگەشەمان بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت."
 
سۆران حەسەن باسی لەوەشکرد کە ئەوان بەهۆی ئەوەی توانای داراییان سنووردارە بەربژێرەکانیان نەیانتوانیوە خۆیان بگەیێننە هەموو دەنگدەرانی بازنەکانیان و بانگەشەکەیان "تاڕادەیەک سستە و لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵدەدەین چڕتری بکەینەوە. گوتیشی: "هەندێک حیزب پارەی باش بۆ بەربژێرەکانیان تەرخان دەکەن. ئێمە تەنیا پارەیەکی رەمزیمان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پێداون."
 
بڕیارە 10-10-2021، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و تێیدا 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.