شەڕڤانان و لایەنگرانی یەبەشە رێگری لە چوونی بەربژێرانی پارتی دەکەن بۆ شنگال


رووداو دیجیتاڵ

لایەنگرانی یەبەشە لە دەروازەی گوندی گوهبەل رێگری لە چوونی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دەکەن و رێگەنادەن بچنە مەزارگەی شەرەفەدین بۆ بانگەشەی خۆیان لە شنگال. بەڕێوەبەری ناحیەی سنون بە وەکالەت دەڵێت، "خەڵکی سڤیل رێگە نادەن".
 
ئەمڕۆ 02-10-2021 بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیویست بەربژێرەکانی لە سنووری شنگال بناسێنێت. بۆ ئەو مەبەستە بەشێک لە کادیرانی پارتی و بەرپرسی لقی 17ی پارتی بە سەرپەرشتیی جەعفەر ئیبراهیم، سەرپەرشتیاری بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا بەرەو شنگال چوون، بەڵام لە دەروازەی گوندی گوهبەل لە نزیک مەزارگەی شەرفەدین شەڕڤانان و لایەنگرانی یەبەشە رێگرییان لێکردن.
 
قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە "هەموو هاوئاهەنگییەک لەنێوان ئەو شاندەی پارتی و هێزەکانی عێراق کرابوو، هێزێکی عێراقیش لەگەڵ ئەو شاندەدا بوو، بەڵام بەداخەوە هێزەکانی یەبەشە و پەکەکە و بە جلی مەدەنی و سەربازی رێگرییان لە شاندی پارتی کرد، ئەوەش خەڵکی ئێزدی هەموو دڵگرانن بەو هەوڵ و رێگرییەی پەکەکە".
 
خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بەوەکالەت کە نزیکە لە یەبەشە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو گوتی، " ئەوەی رێگری کردووە خەڵکی سڤیلن".
 
هەروەها حوسێن حەجی، سەرۆكی ئەنجوومەنی خۆسەری دیموكراتی لە شنگال كە سەر بە یەبەشەیە بە رووداوی گوت، "ئێمە ئاگاداربووین كە پارتی هێزی نەهێناوە و سوپای عێراق ئەوان دەپارێزن، بەڵام دەبووایە ئێمە ئاگاداری هاتنیان بووینایە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمەش بكرابووایە، چونكە ئێمەش چەند ساڵە بەرگری دەكەین و شەهیدمان داوە".