وەزارەتی دارایی: مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینان بە هاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت. 
 
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 2-9-2024) رایگەیاند "لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و بەهاوتاکراوی، هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت."                                                          
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 پابەند کرد.
 
کەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی کوردستان 220 هەزار دینارە. بە جێبەجێکردنی یاساکە کەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار و، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە کە ماوەیەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادیکردووە.
 
بە گوتەی سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان جگە لە پلە باڵا و تایبەتەکان، بەرزترین مووچەی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان 918 هەزار دینارە، بە جێبەجێکردنی یاساکە و بەگوێرەی بڕوانامە ئەمەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مووچەیان لانیکەم دەبێتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار، بەشێکیشیان دەبێتە ملیۆنێک و 800 هەزار دینار.
 
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ، هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێت بە ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 21-07-2024 رایگەیاندبوو، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەدات

وەزیری دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق ئامادە بێت مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لەسەر داهاتی نێوخۆ مووچەکەیان خەرج دەکات