حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ مووچەی مامۆستایانی گرێبەست دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دارایی عێراق رەتیدەکاتەوە حکومەتی عێراق ئامادە بێت مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لەسەر داهاتی نێوخۆ مووچەکەیان خەرج دەکات.
 
رۆژی 14-07-2024 وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا وەڵامی نووسراوێکی ئەو وەزارەتەی لە رێککەوتی 23-4-2024 تایبەت بە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ داوەتەوە.
 
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی وەسەن سەعد قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بودجە بە وەکالەتی وەزارەتی دارایی عێراقی لەسەرە و، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کراوە، تێیدا باس لەوە کراوە، حکومەتی عێراق شایستە گرێبەستی وانەبێژیی مامۆستایان خەرج ناکات.
 
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان واژۆی محەممەد عەبدولقادر ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشى ژمێریاری لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستانی لەسەرە و لە 23ى نیسان ئاراستەى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە و تێیدا داوا دەکات رەزامەندی بدەن بە تەرخانکردنى 18 ملیار و 398 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەک شایستەى مانگانەى دارایی گرێبەستى وانەبێژانى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان 37 هەزار و 734 کەسە.
 
و رۆژی 25-08-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە لەگەڵ نوێنەریان کۆبووەوە و بڕیاریدا بکرێنە گرێبەست و مووچەکەیشیان لەسەر داهاتی نێوخۆ بۆ تەرخان دەکرێت.
 
مەسرور بارزانی رۆژی 28-8-2024 فەرمانی گرێبەستکردنی بۆ ئەو مامۆستایانە واژۆکرد و ئەمڕۆ و دوێنێش زۆربەی مامۆستاکان وەک مامۆستای گرێبەست لە قوتابخانەکان دەستبەکاربوونیان کردووە.
 
پێشتر ئەو مامۆستایانە وانەبێژ بوون و مووچەیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیان لەنێوان 200 بۆ 400 هەزار دینار بوو؛ ئەوانەی دیپلۆمی باڵایان هەبوو 425 هەزار دیناریان وەردەگرت.
 
بەڵام ئێستا مووچەکەیان وەک مامۆستای گرێبەست لەنێوان 400 بۆ 500 هەزار دینار دەبێت و کۆمەڵێک مافی دیکەشیان دەبێت.