گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان شارەکاندا کرایەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاری لە سلێمانی دەڵێت، گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان شارەکاندا دەستیپێکردووەتەوە. کارمەندێکیان دەڵێت، گواستنەوە بۆ دانیشتووانی مادەی 140 و هاووڵاتییانی عەرەب نەکراوەتەوە.
 
شاخەوان مەحموود، رێگەپێدراو لە نووسینگەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاریی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکردووەتەوە."
 
لەبارەی ناوچەکانی مادەی 140ـەوە شاخەوان مەحموود گوتی، "تاوەکو ئێستا گواستنەوەی کارتی زانیاری بۆ دانیشتووانی مادەی 140 لە هاووڵاتیی عەرەبی عێراق نەکراونەتەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی کارتی زانیاری سلێمانییدا هاتووە، "ھاووڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر کاری گواستنەوەی کارتی زانیارییان ھەیە دەتوانن سەردانی نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بکەن."
 
05ـی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک گواستنەوەی کارتی زانیاری لەنێوان شار و شارۆچکەکان راگرت.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری راگرتنەکە بۆ دابەشکردنی زەوی دەگەڕایەوە کە بەشێکی خەڵک دەیانویست شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ناحیەکانەوە بگوازنەوە قەزاکان بۆ ئەوەی بەهای زەوییەکەیان زیاتر بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە