گوتەبێژی یەکێتی: بەتەواوەتی ئامادەی هەڵبژاردنین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەوان بەتەواوەتی ئامادەی هەڵبژاردنن و رەتیشی کردەوە پێش وادەی دیاریکراو، دەستیان بە بانگەشە کردبێت.
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، سەرکردایەتی یەکێتی بەسەرۆکایەتیی بافل تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دۆخی ئەمنی، سیاسیی و ئابووری کردووە.
لەبارەی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی بەرپرسانی کورد لە بەغدا، گوتی ئەوان لەگەڵ هەموو هەنگاوێکن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
وەک پیرە گوتی، پرسی مووچەی فەرمانبەران یەکێک بووە لە باسەکانی کۆبوونەوەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی.
سەعدی پیرە باسی ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد: "ئێمە لە 10ـی شەشەوە ئامادەی هەڵبژاردنین."
لەبارەی دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەوانەی ئەو کاتە [10ـی حوزەیران] دژی هەڵبژاردن بوون، ئێستا دەیانەوێت هەڵبژاردن کۆسپی لەبەردەم دروست بێت." هەروەها رەتیکردەوە کە ئەوان دەستیان بە بانگەشە کردبێت و گوتی پابەندین بە یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا.
رۆژی 26ـی حوزەیران نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
18ی مانگی 10ی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان 1431 بنکەی دەنگدان دەبن، 1266ـیان بنکەی دەنگدانی گشتی و 165ـیان بنکەی دەنگدانی تایبەتن.