بە بڕیاری قایمقامییەتی هەولێر هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی پار دادەخرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، بە پاساوی سەرپێچی لە بەکارهێنانی کەرەستەکانی تایبەت بە نەشتەرگەری، هۆڵی نەشتەرگەرییەکانی نەخۆشخانەی پار لە هەولێر داخرا.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: دوای سکاڵا و تێبینیی ژمارەیەک لە هاونیشتمانییان و لەسەر بوونی پێشێلکاری لە نەخۆشخانەی پار لە شاری هەولێر، بڕیاری داخستنی هۆڵی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەکە درا، "دوای ئەوەی دەرکەوت بەشێک لەو کەرەستانەی لە هۆڵی نەشتەرگەری کە پێویستە بۆ یەک نەخۆش بەکاربهێندرێن، بۆ چەند نەخۆشێک و چەند جارێک بەکارهێنراونەتەوە."
 
روونیشیکردەوە: "لە دەرمانخانەکەی نەخۆشخانەدا دەرمانی بێ ستیکەر هەبووە کە دەیسەلمێنێت بەشێک لەو دەرمانانە لە دەرەوەی رێنمایی و رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی فرۆشراون و بە "قاچاخ" هەژماردەکرێن."
 
بڕیارەکە دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، لێژنەیەکی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی هەولێر سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە و پشکنیویەتی. بەپێی زانیارییەکانی رووداو نەخۆشخانەکە هێشتا فەرمانی کارگێڕیی بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە پێنەگەیشتووە.
 
رووداو پەیوەندیی بە ژمارەیەک بەرپرسی نەخۆشخانەکەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن و لێدوانەکەیان بۆ کاتێکی دیکە، دوای "تاوتوێکردن"ـی بڕیارەکەی قایمقامییەت دواخست.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرسی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی بۆردی نەخۆشخانەکەن کە دەبێتە رای فەرمی.
 
سەرچاوەکەی قایمقامییەتی هەولێر رەتیکردەوە رێکارەکان پەیوەندییان بە نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەبێت کە ماوەیەکە راگەیێندراو و لێدوانی تووند دژی یەکدی بڵاودەکەنەوە. گوتیشی :"پێشتریش ژمارەیەک هۆڵی نەشتەرگەری و نەخۆشخانەش لە هەولێر بەهۆی ناپابەندی بە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی داخراون."
 
نەخۆشخانەی پار، یەکێکە لە نەخۆشخانە ناحکومییەکانی شاری هەولێر، دەکەوێتە سەر شەقامی 60ـی مەتری. موڵکایەتییەکەی بۆ ماڵی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەگەڕێتەوە.
 
نەخۆشخانەکە لە مانگی شوباتی ساڵی 2013 دامەزراوە، زیاتر لە 10 بەش و 100 پزیشک و زیاتر لە 200 کارمەندی تەندروستیی تێدایە. ناوی نەخۆشخانەکەش لە پیتەکانی یەکەمی "پێشڕەو، ئاراس، رێباز"ەوە وەرگیراوە کە سێ کوڕی کۆسرەت رەسووڵ بوون و بە هۆکاری جیا کۆچی دواییان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی ئازادکردنی زیندانییەکانی داعش. وێنە: AFP

هەسەدە 50 زیندانیی داعش ئازاد دەکات

بەڵام ئەو بەرپرسەی ئاسایشی خۆسەر رایگەیاندووە، بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی، تەنیا سووریاییەکان دەگرێتەوە و زیندانییە بیانییەکان ناگرێتەوە. "بەتایبەتیش ئەوانە ناگرێتەوە کە دەستیان چووەتە خوێنی خەڵکی سڤیل و هیچ کام لەوانەش ئازاد ناکرێن کە بەشدارییان لەشەڕەکاندا کردووە."