مووچەخۆرانی سەر بە هەرێمی کوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەکان تەنیا مووچەی حوزەیرانیان وەرگرتووە

02-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، مووچەخۆرانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە مووچەیان سەر بە هەرێمی کوردستانە، مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە.
 
لە کەرکووک خوێندنی کوردی زیاتر لە 9000 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و سەر بە هەرێمی کوردستانن؛ لە خانەقین زیاتر لە 3000 مامۆستا و فەرمانبەر و لە شنگالیش زیاتر لە 2700 مووچەخۆر هەن کە مانگانە لە هەرێمی کوردستانەوە مووچەیان بۆ دەچێت.
 
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەکو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، 9000 مووچەخۆریان تەنیا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرتووە.
 
بەشی خوێندنی کوردی، نوێنەرایەتییەکانی خوێندنی باڵا، فەرمانگەی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس، ئاسایش و تەندروستی، بەشێکی ئەو فەرمانگانەن کە مووچەیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەنێردرێت و لە کەرکووک، شنگال، خانەقین و مەخمووریش ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
 
لە سنووری قەزای خانەقین کە لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە و یەکێکە لە قەزاکانی باشووری کوردستان، خوێندنی کوردی هەیە. حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە قەزاکە بە رووداوی گوت، 3300 مامۆستا و فەرمانبەریان هەیە.
 
حەسەن تاڵەبانی دەڵێ، ئەوانیش هاوشێوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەنیا مووچەی مانگی شەشیان وەرگرتووە.
 
لە شنگالیش خوێندنی کوردی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دهۆکە. مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال - کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1130 مامۆستای وانەبێژیان هەیە.
 
مەیسەر حەجی گوتی، هاوشێوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوانیش تەنیا مووچەی حوزەیرانیان وەرگرتووە.
 
لە مەخمووریش دوو جۆر خوێندن هەیە؛ خوێندنی عەرەبی و کوردی. پەروەردەی خوێندنی کوردی مامۆستا و فەرمانبەرەکانیان لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا مووچە وەردەگرن و چاوەڕوانی مووچەی مانگی حەوتن.
 
جگە لەو مووچەخۆرانەی سەر بە هەرێمی کوردستانن، مووچەخۆرانی ئەو ناوچانە لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا مووچە وەردەگرن و مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشتیشیان وەرگرتووە.
 
خوێندنی کوردی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جگە لە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانیان، پڕۆگرامی خوێندن، کاتی دەستپێکردنی دەوام و کۆتاییهاتنیشی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە