وردەکاریی کوژرانی منداڵێکی تەمەن سێ مانگ لەلایەن باوکییەوە لە کەرکووک

 
رووداو دیجیتاڵ 

رووداوی کوشتنی منداڵێکی تەمەن سێ مانگی لەلایەن باوکییەوە دانیشتووانی ناحیەی تازەی لە کەرکووک شۆککردووە. 
 
رووداو چووەتە بەردەم ئەو ماڵەی رووداوەکەی تێدا روویداوە، منداڵەکە کوڕ بووە و ناوی عەبدولئەمیرە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە باوکەکە، کە منداڵەکەی لە ژنە تەڵاقدراوەکەی وەرگرتووەتەوە، گەڕاندوویەتیەوە بۆ ماڵەوە.
 
بەگوتەی شایەتحاڵەکان، باوکەکە لەسەر توڕەبوون دەستی ناوەتە قوڕگی منداڵەکەی و هەناسەی لێبڕیوە؛ "دواتر بەوە دڵی ئاوی نەخواردووەتەوە، فڕێی داوەتە نێو تانکیی ئاوەوە." 
 
کەسێک کە دراوسێی ماڵەکەیە دەڵێت، پێش ئەوەی گوێبیستی هەواڵی ئەو رووداوەبن، پیاوەکەیان بە شڵەژاوی بینیوە. 
 
سەڵاح نوورەدین، دراوسێی ماڵەکەیە و دەڵێت: "گوێم لە دەنگی پۆلیس بوو هاتنە دەرگە، پرسیارم کرد چییە، گوتیان ئەم دراوسێیەتان منداڵەکەی خنکاندووە. دواتر چووینە ژوورەوە و رووداوەکەمان بینی. لە حەوشەکە لێم پرسین چییەتی، گوتیان ئەمەیە و منداڵەکەی خۆی خنکاندووە، تەمەنی منداڵەکە 3 مانگ بووە، ناوی عەبدولئەمیر نەشئەت ئیبراهیمە، ئەو کوڕە لە بازاڕ کرێکاریی دەکرد." 
 
دەزگە ئەمنییەکان رووداوەکە وەک تاوانێکی قێزەون لە قەڵەم دەدەن. 
 
باوکی منداڵەکە وەک تۆمەتباری سەرەکی و بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە. 
 
عەمید سابیر محەممەد، بەرپرسی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت: "کە هەواڵەکە دراوەتە بنکەی پۆلیس، رۆشتوونە و زانیویانە 15 خولەک منداڵەکەی خستووەتە تانکیی ئاوەوە و دواتر دەری هێناوەتەوە، منداڵەکە بە خنکاوی دەرکراوە و لەسەر بانکە فڕێی داوە. [تۆمەتبارەکە] بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە و سزای خۆی وەردەگرێ لەسەر ئەو تاوانە." 
 
پشت ئەستوور بە راپۆرتی پزیشکی لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی دەرکەوتووە باوکی منداڵەکە کە تۆمەتباری کوشتنیەتی، نەخۆشیی دەروونی هەبووە.
 
تەرمی منداڵەکە لە داد پزیشکی لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا تا دڵنیابن لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی.