بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی رێگەوبان بۆ 17 گوندی سنووری راپەڕین دانرا

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی رێگەوبانی بۆ 17 گوندی ناوچەی مەنگوڕایەتیی سنووری ئیدارەی سەبەخۆی راپەڕین دانا کە تێچووەکەی زیاتر لە دوو ملیار و 220 ملیۆن دینارە.
 
رۆژی دووشەممە 02-09-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی کرد و بەردی بناخەی پڕۆژەی فراوانکردن و تێکەڵەڕێژکردنی رێگەی 17 گوندی ناوچەی مەنگوڕایەتیی سنوورەکەی دانا.
 
دوای دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە، دانا عەبدولکەریم لە کۆنگریەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، درێژیی پڕۆژەکە نزیکەی 47 کیلۆمەترە و تێچووەکەی دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار و 220 ملیۆن دینار.
 
فراوانکردن و تێکەڵەڕێژکردن قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە دەبێت. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەبارەی قۆناخی دووەمییەوە ئاماژەی دا، ''بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینم راسپاردووە کە دوای دەستپێکردن بەو پڕۆژەیە، دەرخستەیەکیشمان بۆ ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بتوانین رێگەکەیان بۆ قیرتاو بکەین.''
 
دانیشتووانی گوندەکانی دۆڵی سێوەیسی سەر بە ناحیەی سەنگەسەر گلەیی لە رێگەوبانی گوندەکانیان و سەختیی هاتووچۆیان دەکەن. دانا عەبدولکەریم لەوبارەوە ئاماژەی دا، "پڕۆژەی رێگەی گوندەکانی دۆڵی سێوەیسمان کردووەتە بە دوو قۆناخ؛ قۆناخی یەکەم رەزامەندی بۆ وەرگیراوە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کراوە و ئێستا چاوەڕێی رەزامەندیی قۆناخی دووەمین."
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بە پڕۆژەی رێگەوبانی گوندەکانی سێوەیس دەکرێت و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
لەبارەی پڕۆژەی رێگەی سکتان شەقڵاوەش کە رێگەیەکی سەرەکیی بەستنەوەی هەولێر، سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، دانا عەبدولکەریم گوتی، لە داهاتوویەکی نزیکدا و کەمتر لە مانگێکی دیکە بەڵێندەر تێیدا دەستبەکار دەبێت و دەخرێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، دانا عەبدولکەریم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "کۆی ئەو پڕۆژانەی رێگەوبان کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێکراون و کاریان تێدا دەکرێت، زیاتر لە 240 پڕۆژەن و بەگوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینارن کە رێگەی ستراتیژی و بچووک لەخۆدەگرن و کاری زۆریان تێدا کراوە."