هەسەدە 50 زیندانیی داعش ئازاد دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزەکانی سووریای دیموکرات-هەسەدە، بڕیاری لێخووشبوونی تایبەتی بۆ 50 زیندانیی داعش دەرکرد. ئەمەش وەکو بەشێک لە لێبووردنی گشتیی ئەو هێزە بۆ ئازادکردنی سەدان چەکداری داعش کە لەنێو زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا دەستبەسەرن.
 
رۆژی دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، رێبەر کالۆ، کە بەرپرسێکی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسای راگەیاندووە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، 50 چەکداری پێشووی داعشیان ئازاد کردووە.
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر گوتیشی: "بەگوێرەی بڕیاری لێخۆشبوونەکە، 50 کەس کە پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە هەبووە، رۆژی دووشەممە ئازاد کران." 
 
ئەمە دووەم قۆناخی ئازادکردنی زیندانییانی داعشە کە بڕیارە بەگشتی هەزار بۆ هەزار و 500 کەسیان لێبووردنی گشتی بیانگرێتەوە. 
 
هەروەها کالۆ گوتیشی: "بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوو، ژمارەیەکی دیکە ئازاد بکرێن."
 
بەڵام ئەو بەرپرسەی ئاسایشی خۆسەر رایگەیاندووە، بڕیاری لێخۆشبوونی گشتی، تەنیا سووریاییەکان دەگرێتەوە و زیندانییە بیانییەکان ناگرێتەوە. "بەتایبەتیش ئەوانە ناگرێتەوە کە دەستیان چووەتە خوێنی خەڵکی سڤیل و هیچ کام لەوانەش ئازاد ناکرێن کە بەشدارییان لەشەڕەکاندا کردووە." 
 
مانگی تەممووزی رابردوو، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ هەزاران زیندانیی داعش دەرکرد، ئەمەش لەچوارچێوەی رێککەوتنێک بوو لەگەڵ هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکانی پارێزگەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا. رێککەوتنەکە لە 25ی ئایاری ئەم ساڵ واژۆ کرابوو. 
 
لە 21ی تەممووزی 2024، هەسەدە بڕیاری لێبووردنى گشتیى بۆ 470 ئەندامی داعش دەرکرد. چەکدارەکان بەشێک بوون لەو 1200 چەکدارە عێراقی و بیانییانەى داعش کە لە زیندانەکانی هەسەدە دا بوون.
 
لەنێو کامپەکانی هۆل و رۆژ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کە لەلایەن هەسەدە و بەهاوکاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش سەرپەرشتی دەکرێن، 56 هەزار چەکداری پێشووی داعش و کەسوکاریان دەستبەسەربوون.