بە بڕیاری مەسرور بارزانی مووچەی مامۆستایانی گرێبەست لە داهاتی نێوخۆ دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەک دا بڕیاریدا مامۆستایانی وانەبێژ بکاتە گرێبەست و لە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان مووچەیان پێبدرێت، دوای ئەوەی وەزیری دارایی عێراق رەتیکردەوە حکومەتی عێراق مووچەیان بدات. 
 
عەلی رەئوف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دوا وادەبووە بۆ واژۆکردنی نووسراوی بوون بە مامۆستای گرێبەست لە قوتابخانەکان و، هەفتەی داهاتوو مووچەی وانەبێژیی مانگی ئایاری ئەم ساڵ وەردەگرن و هەموو رێکارەکانی تایبەت بە بوونە مامۆستای گرێبەستیش لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەر لە کۆتایی ئەم مانگە تەواو دەبێت. 
 
هەرچەندە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان سەردانی وەزیری دارایی عێراقیان کرد، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق رازینەبوو بە خەرجکردنی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ و کردنیان بە گرێبەست.
 
دوای ئەوەش وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رۆژی 23-4-2024 نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد کە واژۆی محەممەد عەبدولقادر ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستانی لەسەرە و تێیدا داوا دەکات، رەزامەندی بدەن لەسەر تەرخانکردنى 18 ملیار و 398 ملیۆن و 400 هەزار دینار وەک شایستەى دارایی مانگانەى گرێبەستى وانەبێژانى وەزارەتى پەروەردەى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان 37 هەزار و 734 کەسە.
 
بەڵام رۆژی 14-07-2024 وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا رەتیدەکاتەوە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ بدات و دەڵێ، دەبێت لە بەشی هەرێمی کوردستان بدرێت. 
 
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق واژۆی وەسەن سەعد قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بودجە بە وەکالەتی وەزارەتی دارایی عێراقی لەسەرە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کراوە، تێیدا هاتووە، حکومەتی عێراق شایستەی گرێبەستی وانەبێژیی مامۆستایان خەرج ناکات.
 
رۆژی 25-08-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبووەوە و بڕیاریدا ئەو مامۆستایانە بکرێنە گرێبەست و مووچەکەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بدرێت. 
 
مەسرور بارزانی رۆژی 28-8-2024 فەرمانی گرێبەستکردنی بۆ ئەو مامۆستایانە واژۆکرد و ئەمڕۆ و دوێنێش مامۆستاکان وەک مامۆستای گرێبەست لە قوتابخانەکان دەستبەکار بوون و رێکارەکانیشی بەگرێبەستکردنیشیان بەردەوامە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.
 
عەلی رەئوف، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، یەکشەممە و دووشەممەی داهاتوو شایستەی دارایی مانگی پێنجی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ ئاماژەی بەوەشکرد، "رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ تاوەکو 25ـی ئەیلوول دەخایێنێت. بۆیە دەبێت مووچەی مانگی 10 وەک گرێبەست وەربگرین".
 
کەمترین مووچەی مامۆستای وانەبێژ 250 هەزار دینار و زۆرترینیشی 400 هەزارە، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەی مامۆستایان.
  
لە مانگی داهاتووەوە کە وەک گرێبەست مووچە وەردەگرن، مووچەکەیان لەنێوان 400 هەزار و 500 هەزار دینار دەبێت و ژمارەیەک مافی دیکەی مامۆستاییشیان پێدەدرێت.