بزووتنەوەی گۆڕان: داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیاریێتیی ئاسایشی کەرکووک لەئەستۆ بگرێت

03-09-2023
هیدایەت جان
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

‎جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، "بەپەلە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات و بەرپرسیاریێتی ئاسایشی شارەکە لەئەستۆ بگرێت."
 
‎رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) ‎جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەم قۆناخە مەترسیدارەی کەرکووکییەکان پێیدا تێدەپەڕن، باشترین بژاردە و هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ نەتەوەکەمان، وەلانانی بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی و دوورکەوتنەوەیە لە فیتنە و ئاژاوە و رەچاوکردنی رایەڵەی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانە." 
 
لە راگەیێندراوەکەی‎ جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، "حاشاهەڵنەگرە ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە، لەبەرامبەردا نەیارەکانمان بە زەبر و زەنگ و تووندوتیژی و سەپاندنی ئیرادە، دەیانەوێت ناسنامەی شارەکە بگۆڕن؛ هەربۆیە هەر لایەنێکی کوردی هاوکار و هۆکار بێت بۆ ئاژاوە و قووڵکردنەوەی کێشەکان، بەدڵنیاییەوە ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەران و ئەوانەی تائێستاش دان بە مافە سەرەتاییەکانمان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا نانێن."
 
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات "لایەنە کوردستانییەکان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوە مەترسیدارەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی کەرکووکدا بکەن و ئارامی و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان بکرێتە ئەولەویەت، بەپێچەوانەوە شەڕ و نائارامی و پشێوی بە قازانجی کێشە رەواکانی نەتەوەکەمان نییە و گرێکوێرەی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان دواتر دەخات."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکەین بە پەلە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و بەرپرسیاری ئاسایشی شارەکە لە ئەستۆ بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارتی و یەکێتی ئەوەیە؛ لەبری عینادی و گواستنەوەی کێشە حیزبیەکان لە هەرێمەوە بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکانی کەرکووک بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی رەسەنی کەرکووک نەبنە قوربانی ململانێی تەسکی حیزبی و خوێنی خەڵکی شارەکە چی دیکە نەڕژێت."
 
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە. 
 
دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە خەڵکی سڤیلە و لەدایکبووی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
 
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیاڤان عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای دهۆک

ئاماری دهۆک: ئەمڕۆ 100٪ـی خێزانەکان لە سەرژمێریدا تۆمار دەکرێن

پڕۆسەی تۆماری خێزانەکان لە سەرژمێریدا بەردەوامە، بەڕێوەبەری ئاماری دهۆک دەڵێت: ''ئەمڕۆ پڕۆسەکە تەواو دەبێت و ئەگەر تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ، بژمێرەکان سەردانی خێزانێکیان نەکرد، پێویستە پەیوەندیمان پێوە بکەن".