گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک: ژمارەی شەهیدەکانی خۆپێشاندانەکە بۆ سێ کەس بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێوارەی شەممەوە لە خۆپیشاندانەکەی کەرکووک گیانیان لەدەستداوە، بۆ سێ کەس بەرزبووەتەوە و نۆ برینداریش لە نەخۆشخانەن. 
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی: هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە هاونیشتمانیی سڤیلە و لەدایکبووی ساڵی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
 
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش، عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە. 
 
ماوەی حەوت رۆژە بەشێک لە عەرەب و تورکمانی کەرکووک لەسەر رێگەی سەرەکی هەولێر – کەرکووک خێوەتیان هەڵداوە و رێگەکەیان گرتووە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک پێیوایە "ئەو خۆپێشاندەرانەی رێگەی هەولێریان گرتووە هاووڵاتی ئاسایی نین؛ خۆپێشاندانەکە زیاتر کارێکی سیاسییە، ئەگینا ئەوە لە توانای هاووڵاتیدا نییە، بێت کۆنکرێت دابنێت و رێگە دابخات. دەستی لایەنی دیکە هەیە لەنێو ئەم بابەتەدا و کردنەوەی رێگەکەش بە پۆلیس ناکرێت و دەبێت لایەنی سیاسی دەستپێشخەری بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."
 
 
بە گوتەی عامر شوانی، "سەرجەم لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکانی کەرکووک داوایان کردووە رێگەی هەولێر بکرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردن لەپێشە، ئەو بابەتە قۆزراوەتەوە، واتە پارێزگار و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و سەرجەم لایەنە ئەمنی و کارگێڕییەکان، لەگەڵ ئەوەدا نەبوون رێگەی هەولێر - کەرکووک دابخرێت، بەڵام ئەوە لایەنێکی سیاسی لەپشتە و ئێمە بۆ ئەوەی دوو خێمە لابدەین، دەبێت کوشتارێکی زۆر بدەین."
 
 
رۆژی شەممە کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکی نێوان کەرکووک- هەولێر. دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی تێکەوت و تەقە بەڕووی خۆپێشاندەراندا کرا و لە هەندێک شوێنیشدا خۆپێشاندەران بە بەرد رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە.