کەرکووک.. داخستنی رێگەیەک و مەترسیی کرانەوەی دەرگای ئاشووب

رووداو دیجیتاڵ 

خۆپێشاندانی کوردانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێر گرژیی تێکەوت؛ تاوەکو ئێستا لانیکەم هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و هەشتی دیکە برینداربوون. 
 
پەیامنێری رووداو لە نێو خۆپێشاندانەکەوە گوتی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق و خۆپێشاندەرانی دژی کورد، تەقە لە هاونیشتمانیان دەکەن. سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بڕیاریدا قەدەخەی هاتووچۆ لە شارەکە رابگەیێندرێت و وەک نووسینگەکەی دەڵێت، دەست بە "ئۆپەراسیۆنی فەرمیی بەرفراوان بکرێت بۆ پشکنینی وردی ئەو ناوچانەی کە پشێوییان تێیدا روویداوە،" سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن، هەنگاو بنێت بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە. 
 
خۆپێشاندانی کوردانی کەرکووک دوای ئەوە هات کە ماوەی هەفتەیەک بوو بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە، وەک ناڕازیبوونێک دژی پێدانەوەی بارەگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێریان داخست. 
 
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەممە، 2ی ئەیلوول، سەتان هاونیشتمانیی رەحیماوا و شۆراو و گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە هاتنە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی داوای کردنەوەی رێگاکە بکەن. 
 
خۆپێشاندەران بە رووداویان گوت، داخستنی رێگاکە کار و ژیانی رۆژانەیان سەخت کردووە کە بەشێکیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پێویستیان بە هاتووچۆی دەرەوەی شارەکەیە. 
 
ئێوارەی هەمان رۆژ، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەرفراوان لەو ناوچانەی کە پشێوییان بەخۆیەوە بینی بۆ ئەوەی بە وردی بیانپشکنن."
 
سوودانی هەروەها "داوای لە هەموو لایەنە سیاسیەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان کرد، کە بە رۆڵی خۆیان هەستن بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی ئاشووب و پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی پارێزگەی کەرکووک،" وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە. 
 
"وا بڕوات شەڕی تائیفی دروستدەبێت"
 
ئەو خۆپێشاندەرەی کە دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا، ناوی هاوکار عەبدوڵڵایە. پێش ئەوەی بکوژرێت، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من هاتووم وەک کوردێک، نە هاتووم بەرگری لە پارتی و یەکێتی بکەم؛ هاتوومە هەڵوێستێکم هەبێت،" هەروەها داواشی لە سەرکردایەتیی کورد لە شارەکە کرد، "پەیامێک پێشكێش کەن و ئەم خەڵکە تۆزێک ئارامبکەنەوە،" هۆشداریشی کە ئەگەر وا بڕوات، شەڕی تائیفی دروستدەبێت."
 
هاونیشتمانییە تەمەن 38 ساڵانەکە هەروەها گوتی: "بۆ هەموو جیهان سەلمێنراوە کە کەرکووک شارێکی کوردستانییە. تورکمان و عەرەب هەوڵدەدەن شارەکە تێکبدەن، بەڵام کورد بەهیچ شێوەیەک ئەوە ناکات؛ هەوڵدەدات ئارامی بپارێزێت."
 
دوای ئەوەی کە هێزە ئەمنیەکانی عیراق و حەشدی شەعبی لە تشرینی یەکەمی 2017 کەرکووکیان کۆنترۆڵکرد، پارتی بارەگەکانی لە شارەکە داخست. 
 
سێ بارەگەی پارتەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کۆنترۆڵکران، لە نێویشیاندا بارەگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر و کەرکووک. 
 
ئەم دواییانە، چەند دەنگۆیەک بڵاوبوونەوە گوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بارەگاکانی پارتی چۆڵ بکەن و رادەستیان بکەنەوە بۆ ئەوەی پارتەکە دەست بە چالاکییە سیاسییەکانی بکاتەوە. ئەوەش کاردانەوەی تووندی هاوپەیمانیی عەرەبی، حەشدی شەعبی و تورکمانەکان لێکەوتووەتەوە. 
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیپنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک دەربڕی و داوای کرد ئەو بابەتە لە رێگەی یاساوە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق کە لە 18ی کانوونی یەکەم بەڕێوەدەچن، چارەسەر بکرێت. 
 
ساڵحی گوتی: "هەر بڕیارێک سەبارەت بە شاری کەرکووک بێ وەرگرتنی بۆچوونی نوێنەری پێکهاتەکانی بدرێت، دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاساییش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی."
 
"نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان"
 
سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی داخستنی رێگا سەرەکییەکەی کرد و داوای لە سوودانی کرد کۆتایی "بەو ستەم و جیاكاری و رێگرییە بهێندرێت كە راستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی دیکە دەكاتە ئامانج."
 
سەرۆک بارزانی لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك رێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی رێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، رێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و رێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕ مەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە."
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو رەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند رۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك رێگریان لەو گێرەشێوێنی و رەفتارە نایاساییەی رێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرامبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد رژاوە. ئەم جۆرە رەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت."
 
سەرۆک بارزانی هەروەها دەڵێت: "لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو رێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و رێگرییە بهێندرێت كە راستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج."
 
"شۆڤێنییەکان"
 
هاوکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەوانەی کە هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرە کوردەکان، بە "شۆڤێنی" ناوبردن و داوای لە سوودانی کرد، "بەپەلە" دۆخەکە کۆنترۆل بکات. 
 
مەسرور بارزانی دەڵێت: "بە تووندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووک دەکەین. سەرکۆنەی شەهید و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین کە لە لایەن شۆڤینییەکانەوە هێرشیان کراوەتە سەر."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "داوا لە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ دەکەم بەپەلە کۆنترۆڵی ئەم بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپێشاندەران بپارێزن و چیتر رێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن."
 
هەر لەو راگەیێندراوەدا، مەسرور بارزانی داوایێک ئاراستەی کوردانی کەرکووک دەکات و دەڵێت: "هەمانکاتدا داوا لە هاووڵاتییە کوردە ستەملێکراوەکانیشمان لە  کەرکووک دەکەم، دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان لە کاردانەوەی توند بەدوور بگرن.  داوا لە هاونیشتمانیانی عەرەبی ڕەسەن و تورکمانەکانی خەڵکی کەرکووکیش دەکەم، رێگە بە خەڵکێکی نامۆ بە شارەکە نەدەن ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان تێک بدەن."
 
کەرکووک شارێکی فرەپێکهاتەیە و کورد، عەرەب، تورکمان و کەمینەیەکی ئاشووریش تێیدا دەژین. 
 
شارەکە پێش ساڵی 2014 لەلایەن ئیدارەیەکی هاوبەشەوە بەڕێوەدەبرا، تا ئەو کاتەی کە هێزە ئەمنیەکانی عێراق بەهۆی هێرشی داعشەوە لە شارەکە کشانەوە، کە دواتر بە تەواوی کەوتە دەستی کورد. 
 
کەرکووک بەو شێوەیە لە ژێر کۆنترۆڵی کورد دا مایەوە تا 16ی ئۆکتۆبەری 2017 کاتێک کە هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر شارەکە و لە دەستی کوردیان دەرهێنا. 
 
ئەگەرچی دوای ئەوە ژمارەیەک پارتی سیاسیی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە شارەکە، بەڵام پارتی رەتیکردەوە بگەڕێتەوە، چونکە پێیوابوو لەلایەن "میلیشیا شیعەکانەوە" داگیرکراوە.