سەرۆک بارزانی: رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی کەرکووکەوە دەڵێت، بەکارهێنانی زەبروزەنگ و تووندوتیژی و رژاندنی خوێنی گەنجی كورد "بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك، باجی قورسی دەبێت." 
 
سەرۆک بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) پەیامێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ماوەی چەند رۆژێكە كۆمەڵێك رێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی رێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، رێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و رێگە نادەن هاووڵاتییان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە." 
 
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دەڵێ "جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە."
 
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، دوای ئەوە دێت، کە لە 27ـی ئابەوە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
 
لە خۆپێشاندانەکەی کورداندا لە کەرکووک ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023)، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت.
 
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ئاماری قوربانییان لە خۆپێشاندانەکە و قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە شارەکەیە هەیە، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا. بڕیارەکە دوای ئەوە هات لە گرژییەکانی ئەم ئێوارەیەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشتـی دیکە برینداربوون."
 
 
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی: 
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.
 
ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكار هاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.
 
لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.
 
مسعود بارزانی
2ی ئەیلوولی 2023

 

رووماڵی راستەوخۆی رووداو بۆ خۆپێشاندانەکەی کوردان لە کەرکووک: