محەممەد شیاع سوودانی داوای پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی کەرکووک دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی کەرکووک دەکات و بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی فراوان لەو شارەدا بکرێت. 
 
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەمێک لەمەوبەر (شەممە، 2-9-2023) پۆستێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) کرد و تێیدا دەڵێت، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئەمنیی بەرفراوان لەو ناوچانەی پشێوییان بەخۆیەوە بینی بۆ ئەوەی بە وردی بیانپشکنن."
 
هەر لە پۆستەکەدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی "داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان دەکات بە رۆڵی خۆیان هەستن بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی پشێوی و پاراستنی ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی پارێزگەی کەرکووک."
 
 
لە کەرکووک چی روویدا؟
 
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد، دوای ئەوە دێت، کە لە 27ـی ئابەوە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
 
لە خۆپێشاندانەکەی کورداندا لە کەرکووک ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023)، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت."
 
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی ئاماری قوربانییان لە خۆپێشاندانەکە و قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی لە شارەکەیە هەیە، قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا. بڕیارەکە دوای ئەوە هات لە گرژییەکانی ئەم ئێوارەیەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشتـی دیکە برینداربوون."
 
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی کەرکووک، ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، "جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك، زەبروزەنگ و تووندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد رژاوە."