پۆلیسی کەرکووک قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاند

02-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن خۆپێشاندان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی کەرکووک قەدەخەی هاتووچۆی لەنێو شارەکە راگەیاند، لە کاتێکدا لە ئێوارەی ئەمڕۆوە خۆپێشاندانی هاونیشتمانییان دەستیپێکردووە و بەهۆی گرژی و تەقەکردنەوە، ژمارەیەک کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا، پۆلیسی کەرکووک ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) رایگەیاند "داوا لە هەموو هاووڵاتییان دەکەین بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونیان و شەقام چۆڵ بکەن، بە هوتاف و گوتەی ناڕاست هەڵنەسووڕێن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە "فەرماندەیی پۆلیس قەدەخەی هاتووچۆ لە هەموو لایەکی شار دەسەپێنێت و، داوا دەکەین هەموو لایەک پێوەی پابەند بن.".
 
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "قەدەخەی هاتووچۆکە هەتاوەکو سبەی بەردەوام دەبێت."
 
خۆپێشاندانی کوردان لە کەرکووک دوای ئەوە دێت، لە 27ـی ئابەوە بەشێکی عەرەب و تورکمان و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە، خێوەتیان هەڵداوە و رێگەیان گرتووە؛ ئەوان نایانەوێت ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگای پارتی بووە، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
 
خۆپێشاندانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و داخستنی رێگەی کەرکووک - هەولێر لە دەروازەی شارەکە، رێگەیەکی پێنج خولەکیی لە خەڵک و شۆفێران کردووەتە زیاتر لە کاژێرێک.
 
لە خۆپێشاندانەکەی کوردان ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 2-9-2023) لە کەرکووک، گرژی دروست بوو و دواتر تەقە کرا. هەردی محەممەد پەیامنێری رووداو لەنێو خۆپیشاندەرانەوە گوتی "تەقە بەڕووی خۆپێشاندەرانەوە دەکرێت و تەنانەت سەربازم لێ دیارە کە گوللە بە رووی خۆپێشاندەراندا دەتەقێنێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە