نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئاب لە هەولێر بەرزترین و لە هەڵەبجە نزمترین دەبێت

02-09-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە مانگی ئابدا لە هەولێر رۆژانە نزیکەی 13 کاژێر کارەبای موەلیدە هەبووە و نرخی ئەمپێرێک کارەبی موەلیدە دەگاتە 18 هەزار دینار، لە دهۆک رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر و نیو موەلیدەکان کاریان کردووە و نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 14 هەزار دینار. لە هەڵەبجە نرخ دیارینەکراوە، بەڵام رۆژانە زیاتر لە 9 کاژێر موەلیدەکان کاریان کردووە، لە سلێمانیش کۆکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدە و نرخەکەی بڵاونەکراوەتەوە.
 
لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدە بۆ مانگی ئاب، ئەمڕۆ شەممە 2ی ئەیلوولی 2023، قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی ناوچەکان جیاوازی لە نرخدا هەیە و نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 15 بۆ 18 هەزار دیناردایە."
 
قارەمان مەولوود ئاماژەی بەوە کرد، "مانگی رابردوو تێكڕا 382 کاژێر موەلیدەکان کارەبایان داوەتە هاووڵاتییان، بەوەش رۆژانە دەبێتە نزیکەی 13 کاژێر."
 
بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، داوایان لە خاوەنی موەلیدەکان کردووە، کە گوشار لە هاونیشتمانیان نەکەن بۆ وەگرتنی پارە تاوەکو مووچە دەێت. گوتیشی، "بەهیچ شێوەیەک ناکرێت بەهۆی پێنەدانی پارەی مانگی ئابەوە کارەبای موەلیدەی هیچ ماڵێک بکوژێندرێتەوە."
 
لە دهۆک دۆخی کارەبای نیشتمانی باشتر بووە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ شەممە هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی ئەمپێری موەلیدە سبەی دیاری دەکەن و لەنێوان 13 بۆ 14 هەزار دیناردا دەبێت."
 
هرووری گوتیشی، تێكڕا لە مانگی ئابدا 320 کاژێر موەلیدەکان کاریان کردووە، بەوەش لە شەو و رۆژێکدا موەلیدەکان زیاتر لە 10 کاژێر و نیو کاریان کردووە.
 
هاوکات زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی نرخی موەلیدە دیاری دەکەن، بەڵام بە تێكڕا موەلیدەکان 270 بۆ 280 کاژێر کاریان کردووە، کە تێكڕا رۆژانە زیاتر لە 9 کاژێر بووە. بەگوێرەی پێدانی کارەبای موەلیدەکان بێت، لە هەڵەبجە نرخی ئەمپێر کەمتر دەبێت لە ناوەندی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
 
لە سلێمانی تاوەکو 27ی ئاب موەلیدەکان تێکڕا رۆژانە نزیکەی 12 کاژێر کاریان کردووە. ئەمڕۆ شەممە، سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی نرخی ئەمپێر و کاژێرەکانی کارکردنی موەلیدەکان لە سلێمانی بۆ مانگی ئاب رادەگەیێنن.
 
لە وەرزی هاویندا لە تەواوی هەرێمی کوردستان، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانییدا موەلیدەکان دەبێت بەشێوەی 24 کاژێریی کاربکەن و کارەبا بدەنە هاوبەشانیان.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی هەن و لەکاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا، کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.